زارى کرمانجى:
روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ئەمڕۆ رای گەیاند، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ لە رێی بۆردوومانێك لە سنووری نێوان عێراق و سووریا، 12 كەس كوژراون، كە سەربە میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانن.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ یەكشەم 29ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لەبارەی بۆردمانەكەوە روونی كردووەتەوە، پێنج هێرش كراوەتە سەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران كە پێگەكانیان كەوتووەتە سنووری نێوان عێراق و سووریا، بەهۆیەوە 12 چەكدار كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.
روانگەكە زیاتر گوتی، دروست ئەو شوێنانەی بۆردوومان كراون لە ناوچەكانی شاری دێرزوور و ناوچەی ئەبوكەمالی نزیكی سنووری عێراقن. پێگەیەكی میلیشیاكان كەوتووەتە نزیكی فڕۆكەخانەی دێرزوور و ئەوێش بۆردمان كراوە. تا ئێستەیش هیچ لایەنێك بۆردمانەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
لەلایەكی تریشەوە بەرپرسێكی عێراقی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، رایگەیاند، كە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ یەكشەم، پێگەیەكی سەربازیی كەتیبەكانی سەید شوهەدا لە سنووری نێوان عێراق و سووریا بۆردمان كراوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە هێرشەكان لەڕێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسرائیلی بووە و بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی كوژراوەكان بكات، تەنیا گوتوویەتی زیانەكان زۆرن.































































