زارى کرمانجى:
گرووپە چەكدارەكانی عێراق كە سەربە ئێرانن و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەناسێنن، لە ماوەی چەند سەعاتێكدا، سێیەمین هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، هێرشەكان لە نیوەشەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوون.
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ شەموو 28ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، لەڕێ درۆنەوە بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ سێیەمین هێرشیان كردووەتە پێگەیەكی ئیسرائیل لە ناوچەكانی جۆلان.
مقاوەمە باسى لەوەشکردووە، نیوەشەوی دوێنێ بەهەمانشێوە و لەڕێی درۆنەوە، هێرشیان كردووەتە سەر دوو پێگەی سەربازیی ئیسرائیل، هێرشیان بۆ سەر باكور و ئەوی تریشیان بۆ باشوور بووە، لەو هێرشانەدا وەك مقاوەمە دەڵێ، تەواوی ئامانجەكانی خۆیان پێكاوە.
مقاوەمە ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هێرشانەیان كە پێگە سەربازییەكانی ئیسرائیل دەكەنە ئامانج، پاڵپشتیكردنە لە خەڵكی غەزە و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و هەروەها حزبوڵای لبنان، لەو جەنگەی ئیسرائیل بەرپای كردووە، لەو جەنگەدا ژن و منداڵ و پیری غەزە و لبنانیان كردووەتە ئامانجی هێرشەكان.