زاری كرمانجی-ڕواندز
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 27ــی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران و بەرپرسانی حکومی و حزبی و ژمارەیەک لە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان، یڕۆژی جیهانی گەشتوگوزاری لە هەوارگەی پانکی گەشتیاری ڕواندز (شنگلبانە) بەرز ڕاگیرا.
مەراسیمەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەی ناوچەی گەشتیاری و وێنەی سروشتی و ژینگەی کوردستان، کردنەوەی بازاری کاری دەستی و فەرشی ناوەخۆیی دەستی پێکرد.
دواتر لە مەڕاسیمێکی شایستەدا ووتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشکەش کرا کە تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان تیشکی خستە سەر چاڵاکیەکە و باسی لە ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار کرد و شیکردنەوەیەکی خێرای بۆ دروشمی ئەمساڵی ئەم یادە کرد لە ژێر ناونیشانی ئاشتی و گەشتیاری، وێرای خستنەڕووی دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێروانینی خودی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران بە ئاراستەی بایەخ و گرنگی بەڕێزیان بە پەرەپێدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند؛ “خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕۆژێکی جیهانی لەگەڵتان ئامادەم، یادکردەوەی ئەم بۆنەیە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جیاوازە بە بەراورد بە شوێنەکانی تر، چونکە دەڤەری سۆران ناوچەیەکی تەواو گەشتیارییە، هەروەها ڕوئیای ڕێزدار مەسرور بارزانی و کابینەی 9ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازە گرنگییەکی زۆر بە بواری گەشتیاری دەدات، لەم گرنگیدانەشدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشکی شێری بەردەکەوێت.