ماڵپەڕی”والا”ی عیبری لهڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، حزبوڵڵا لەپێکهێنانی دیدێکی ڕوون بۆ دۆخی ئێستا، بەتایبەت لەگەڵ ئەو لێدانە وردانەی کە سوپای ئیسرائیل ئاراستەی حزبوڵڵای دەکەن، ڕوبەڕوی ئاستەنگی بوەتەوە.
ئەوەش هاتووە، لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی “تیرەکانی باکوور”دا، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردوهتەسەر زیاتر لەهەزارو 500 ئامانج لەلوبنان، هەروەک لەڕۆژی دوشەممەوە تاوهكو چوارشهممه دوو ههزار بۆمبی بەسەر ئەو وڵاتەدا بەرداوهتە خوارەوە، ئەمەش وایکردوە حزبوڵڵای لوبنان وەڵامی خۆی بداتەوەو موشەک ئاراستەی ناوچەکانی ئیسرائیل بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ڕەنگە حزبوڵڵا زیانێکی بەرچاو لەتوانا موشەکییەکانیدا کەوتبێت، کە بەگوێرهی لێدوانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی توانای ئەو هێزە بۆ هەڵدانی مووشەک زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە، بەشێوەیەک تەنها نیوەی مووشەکە وردپێکەکان لەدەستی حزبەکەدا ماونەتەوە، جگەلەوەی بەشێکی زۆر لەکۆگای موشەکی کورتمەوداشی لەناوچون بەڕاددەیەک تەنها چوار یەکی ئەو موشەکانەی لەدەستدا ماون کە مەودایان دەگاتە 40 کیلۆمەتر.
لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا هاتووە، پەرەسەندنی گرژییەکان بەردەوامەو وا دیارە ئیسرائیل دەیەوێت ئاستی هێرشەکان زیادبکات ئەگەر قەیرانەکە لەڕوی سیاسییەوە چارەسەرنەکرێت، لەگەڵ ئەگەری پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەگەر بارودۆخی ئێستا بەردەوامبێت.