سەرۆکی شاندی بەغدا لە هەولێر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتونەتە رێککەوتێنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان هەموار بکرێنەوە.
دواى کۆتاییهاتنى کۆبونەوەکانیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دۆسیەی نەوت، داهاتی دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی پێناسە گومرکییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
عەتوانی دەشڵێت: بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێم گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ گرێبەستە نەوتییەکان تاوەکو لەگەڵ دەستوری عێراقی بگونجێنرێن، ئەوەش وەک رێگەخۆشکردنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەگەڵ حکومەتى هەرێم دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆئەوەى گرێبەستەکانیان کە لەگەڵ حکومەتى هەرێم کردیانە هەمواربکرێنەوە و بەشێوەیەک بەشداربن لە قازانج.