ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بە چوار قۆناغ و بەڕێککەوتن لەگەڵ کۆریای باشور، دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پەرەپێدەدات.
یاسر ئەسكەندەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە میدیای عێراقی وتووە، حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانیدا، لە چوارچێوەی چوار قۆناغدا دەیەوێت دژی هەر مەترسییەكی ناوخۆیی و دەرەكی ببێتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئاماژەی بەوەکردووە، چەند دەوڵەتێكی گرنگ بەغداد بە چەكی پێشكەوتووی بەرگریی ئاسمانیی تەیار دەكەن، كە یەكێكیان كۆریای باشورە، عێراق دەیەوێت ئەو چەكانە ورد و كاریگەر بن و توانای پێكانی ڕاستەوخۆی ئامانجەكانیان هەبێت.
وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوەدێت، کە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆریای باشور بۆ كڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەكی بالیستی واژۆ كرد و بەهای گرێبەستەكە، دوو ملیار و 78 ملیۆن دۆلارە.
































































