زارى کرمانجى:
پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دوو بەرپرسی ئەمەریكی بۆ “رۆیتەرز” رایان گەیاندووە، ژمارەیەكی دیاریكراو لە سەربازانی ئەمریکا، گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باس لەوە دەكرێ، كە ئەمەریكا لە ناوچەكە چەندان سیناریۆی هەیە، یەك لەوانەیش دەركردنی هاووڵاتییانی خۆی لە لبنان كە مەترسییان لەسەرە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییانە زیاتر دەڵێن، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە جۆبایدن سەرۆكی ئەمەریكا، هۆشداریی داوە لە بەرپابوونی جەنگێكی فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئیسرائیل بەڕوونی باس لەوە دەكات نیازی هەیە هێرشی وشكانیی بكاتە باشووری لبنان.
واشنتن هاووڵاتییانی لە لبنان ئاگادار كردووەتەوە، كە بە زوویی ئەو وڵاتە جێبێڵن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا فەرمانی نەكردووە تا فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە جێبێڵن، هاوكات داوای نەكردووە سوپاكەی یارمەتیی هاووڵاتییانی لەو وڵاتە بكات بۆ دەرچوونیان.
بەڵام بەریتانیا كە هاوپەیمانی بڕواپێكراوی ئەمەریكایە، دوێنێ رای گەیاند هێزێك بۆ قبرس دەنێرێت بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانی لە لبنان و دەرچوونیان لەو وڵاتە.
دوو بەرپرسە ئەمەریكییەكەیش دەڵێن، وڵاتەكەیان هێزێكی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە و روویان لە قبرس كردووە، ئەو هێزە دەیان سەرباز دەبن و پێشبینی دەكرێ بۆ یارمەتیی هاووڵاتییانی بێت بۆ دەرچوونیان لە لبنان.
ماوەی چەند رۆژێكە ئیسرائیل زۆر بە توندی هێرشی بۆ سەر لبنان دەست پێ كردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، بەردەوام دەبن تا ژێرخان و تواناكانی حزبوڵا بەتەواوی لاواز دەكەن.