مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دانانی سیاسەتمەدارێكی كوردی سوننەی وەك جێگری سەرۆك كۆماری ئێران، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئێران ڕەتكرایەوە.
عەبدولكەریم حوسێنزادە، سیاسەتمەداری كوردی سوننە، لەلایەن سەرۆككۆماری ئێران دەستنیشان كرابوو كە وەك جێگری سەرۆك كۆمار بۆ كاروباری گەشەپێدانی گوندەكان و ناوچە بێبەشەكان دەست بەكار بێت، بەڵام پەرلەمانی ئێران ڕەتی كردەوە.
ئاژانسی ئێرنای ئێرانی دوێنێ چوارشەممە بڵاوی كردەوە لە كۆی 247 پەرلەمانتاری ئامادەبووی دانیشتنەكە، 129 یان بە نەخێر دەنگیان دژ بە حوسێنزادە داوە و داوایان كردووە كە پێویستە ناوبراو دەست لە كار بكێشێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك.
موسڵمانانی سوننە، لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979، كەمترین دەسەڵاتیان پێ دراوە لە پۆستە سەرەكییەكانی حوكمڕانی، لە كاتێكدا كە نزیكەی 10 % دانیشتووانی ئێران پێك دەهێنن.


































































