مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەردەوام لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەكردندا بە كۆمەڵێك پاسەوان دەور دراوە و ڕایدەگەیەنێت “لە ئێرانەوە هەڕەشەی گەورە لەسەر ژیانم هەیە، تەواوی سوپای ئەمریكا چاودێریم دەكەن و چاوەڕوانن.”
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـى ئەیلوول ڕاگەیاند كە هەڕەشەی گەورە لە سەر ژیانی هەیە و ئێران بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات كۆتایی پێ بهێنێت و دەڵێت “تا ئێستا ئێران سەركەوتوو نەبووە لەو هەنگاوانەی ناوە بۆ تیرۆركردنی من، بەڵام دووبارە هەوڵ دەداتەوە.”
دەشڵێت “من بە ژمارەیەكی زۆر لە پاسەوان و چەك دەورە دراوم كە پێشتر شتی لەم جۆرەم نەبینیوە.”
هاوكات تیمی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرایان كرد كە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا، هۆشدارییان پێ دراوە لە بوونی هەڕەشەی “ڕاستەقینە و دیاریكراو بۆ تیرۆركردنی ترەمپ” لە لایەن تارانەوە.