مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق مۆڵگەیەكی داعشیان لە كەركووك بۆردوومان كرد.
لە ڕاگەیاندراوەكەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق هاتووە “درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزی ئاسمانی عێراقی بە فڕۆكەی ئێف 16 مۆڵگەیەكی داعشی لە دۆڵی زەغیتون لە سنووری پارێزگای كەركووك بۆردوومان كرد،”
دەشڵێت “لە مۆڵگەكە پێنج چەكداری داعشی تێدا بووە و سەرجەمیان كوژراون.”
هاوكات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا، مانگی ڕابردوو چەندین جار مۆڵگەكانی داعشیان لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار و كەركووك كردووەتە ئامانج و چەندین چەكدار و سەركردەی داعشیان كوشتووە .