لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ قەزای كۆیە سەرۆكی حكومەت مژدەی ئەنجام چەند پڕۆژەی ستراتیژی و هاتنەكایەی قەزایەكی نوێدا.
مەسرور بارزانی لە وتارێكیدا كە بە بۆنەی دەست پێكردنی یەكەم رۆژی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ پێكەشی كرد گووتی ” ئێمە چەندین موژدەشمان پێیە بۆ خەڵكی كۆیە و دەووڕووبەری، یەكێك لەو موژدانە ئەوەیە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دروستكردنی جووتسایدی هەولێر – كۆیە دەكەین، كە ئەمە خواستێكی دێرینی خەڵكی كۆیە بووە، دەزانم لە 2012ەوە هەوڵدراوە و بەردی بناغە بۆ ئەم ڕێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە ئەنجامدان و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە بكەین”.
سەرۆكی حكومەت زیاتر گووتی ” هەروەها موژدەیەكی تریشم پێیە كە ئەویش بڕیارمان داوە بۆ بە قەزاكردنی ناحیەی تەقتەق وەكوو یەكێك لە كۆنترین ناحیەكانی كوردستان، كە ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێت بۆ خەڵكی ناوچەكە و بارگرانیی ئیداری لەسەر شاری كۆیە كەم دەبێت و تایبەتمەندییەكی زیاتر بە تەقتەق دەدرێت، هیوادارم ئەوەش دیسان بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی كوردستان، بە تایبەتی خەڵكی كۆیە و تەقتەق”.

































































