محەممەد مەحموود- سۆران :
ئەمڕۆ یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدراو دەرگای قوتابخانەکان بەرووی قوتابییان کرایەوە، لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ٦ هەزار قوتابی بۆ یەکەمجار دەچنە قوتابخانە.
ئەحمەد حەمەدەمین، لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند”
٦هەزارو ٣٣٣ قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی له سنووری پەروەردەکانی ئیدارەی سۆران وەرگیراون، بەپێی ئەو ئامارەی تا ئێستا گەیشتۆتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران”.
بە پێی بە دواداچوونی زاری کرمانجی ئەمڕۆ لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە ئیدارەی سۆران ١١٠ هەزار مامۆستا وقوتابی و فەرمانبەر روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن”.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران دراوەتە زاری کرمانجی لە پۆلی ١-١٢ ئامادەیی زیاتر لە ٩٠ هەزار قوتابی دەچنە ناوەندەکانی خوێندن، ٦٨٠ قوتابخانەی حکومی و ناحکومی بوونیان هەیە، لەو ژمارەیە ٢٦ قوتابخانە ناحکومین.
زیاتر لە ٨ هەزار مامۆستا وانەدەڵێنەوە لە قوتابخانەکانی ئیدارەی سۆران ، ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخاکان ١١ هەزارو ٥٠٠ کەسە، کۆی گشتی مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران پێک دێت لە 110هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابی، تەواوی ئامادەکارییەکانیش کراون لە ناوەندەکانی خوێندن و پەرتووکی پێویستیش گەیشتوونەتە قوتابخاکان بۆدابەشکردن بە سەر قوتابییان.
































































