مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، لە پێناو پاراستنی شوێنی گشتی و ڕاگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكان، چەند رێنمایەكی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەركرد .
دوای ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاتژمێر 12ـی شەوی رابردووی دیاری كرد بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە نووسراوێكدا كە واژوی ساسان عەونی، وەزیری لەسەرە و بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی نێدراوە، 12 رێنمایی بۆ حیزب و لایەن و كاندیدە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن خراوەتە روو .
لە رێنماییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هاتووە :
1- ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
3- ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.
4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ.
5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكار بهێنرێت.
6- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكوومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە…هتد.
7- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
9- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.