زاری كرمانجی- سۆران:
ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت، كوردستانیان، دەڵێن: ڕۆژێك دێت سەربەخۆیی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەبینین، چونكە تا سەربەخۆ نەبین، بە مافە ڕەواكانی خۆمان ناگەین.
ڕۆژی 7ی 6ی ساڵی 2017 ئەو ڕۆژە بوو كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستنیشان كرا و رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 وەكو ڕۆژی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان دیاری كرا.
10 ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە 15/9/2017، پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی پەسند كرد.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كرد، كە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بەڕێوە چوو. تێیدا چوار ملیۆن و 561 هەزار و 255 كەس لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان مافی دەنگدانیان لە ڕیفراندۆم هەبوو، لەو ڕێژەیە سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 كەس بەشدارییان لەو ڕاپرسییەدا كرد كە دەكاتە زیاتر لە 72٪ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. لە ڕیفراندۆمەكەدا دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 كەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا كە دەكاتە 92.73٪ی دەنگی ئەو كەسانەی كە دەنگیان دا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوە چوو، بڕیارەكەش پشتی بە بنەماكانی مافی دیاریكردنی چارەنووس بەست كە مافێكە لەلایەن كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نراوە و گەلی كوردستانیش خاوەنی هەموو تایبەتمەندییە نەتەوەییەكانی خۆیەتی، لە ڕووی خاك، زمان، كولتوور، مێژوو و شوناس و گشت بنەماكانی نەتەوە، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان مافی هەیە دەربارەی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بڕیار بدات.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێكی دیكە داوای دواخستنی ریفراندۆمیان دەكرد، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم هیچ جێگرەوەیەكی بۆ ریفراندۆم نەخرایە بەردەست و بە هیچ یەكێك لەو داواكاریانە ڕازی نەبوون، چونكە كێشەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەت و دەوڵەتی عێراق گەیشتبوونە لووتكە و وەك ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەیانگووت، بەغدا باوەڕی بە هاوبەشی نەماوە و زیاتر لە 55 بڕگە و بەندی دەستووری پێشێلكردووە، ئەگەر نەتوانین دوو هاوبەشی راستەقینە بین، باشترە دوو دراوسێی باش بین.
سەرۆك بارزانی، ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام هەر خۆی بە پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان دەزانی، ئەركێكی قورسی بەڕێوەدەبرد، ڕۆژانە چەندین شاندی ناوخۆیی و دەرەوەی دەبینی و فشاری زۆریان دەخستە سەر تا لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە، لە هەمان كاتیشدا سەرقافڵەی بانگەشەكارانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو، ئەو نەك ئەوكاتە، تەنانەت لە دوایین دیداریشی پێش كردنی ڕیفراندۆم لەگەڵ كەناڵی جەزیرەی قەتەری كە شەوی 23/9/2018 بڵاوكرایەوە گوتی: هەر سوورم لەسەر ئەوەی گەلەكەم مافی بڕیاردان و دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە.