زاری كرمانجی-سۆران:
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
هاووڵاتییانی خۆشه‌ویستی كوردستان،
لایه‌نه سیاسییه‌كان،
لیست و كاندیدانی به‌ڕێز،
ئه‌م كاته‌تان باش..
سبه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ست پێده‌كات. داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندی یاسا و ڕێنمایییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌یه‌كی ئارام و شارستانی به‌ڕێوه ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه جێی متمانه و چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.
بانگه‌شه‌یه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژیی نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه. وێنه‌یه‌كی جوانی هه‌رێمی كوردستان نیشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و پێكهاته‌كانی بێت.
ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و لیست و كاندیده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ی پڕۆپاگه‌نده بۆ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیان بكه‌ن، ڕه‌خنه بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك ڕێگه به خۆی نه‌دات ڕق و كینه بڵاو بكاته‌وه.
لێره‌دا به‌تایبه‌تی جه‌خت له پێویستیی پاراستنی ڕێز و پێگه‌ی ئافره‌ت ده‌كه‌مه‌وه. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.
لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاندیدان، دوژمنی یه‌كتر نین، به‌ڵكوو ڕكابه‌ری سیاسیی یه‌كترن. هه‌موویان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆیه ئه‌ركی هەمووانه پێکەوە هەوڵ بدەین پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە ببەین.
دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوویه‌كی گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانین. پاراستنی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه، ئه‌ركی هه‌موومانه.
بۆیه پێویسته له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ڕێز له پیرۆزی و هێما و سیمبۆلی كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانی بگیرێت. ئێمه پشتیوانی لە ئیرادەی ئازادی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانیش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ی هه‌ڵبژاردن بكەن.
كوردستانییانی ئازیز،
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ریكی گفتوگۆ بووین. هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دواخستیندا نه‌بووین، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێمی كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ڕێوه بچێت، به ناچاری چه‌ند جارێك دوامانخست.
سوپاس و پێ‌زانین بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی، هه‌روه‌ها بۆ به‌ڕێز فایق زێدان سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق کە هاوکارێکی تەواو بوون، بۆ نەهێشتنی هەموو کێشەکانی بەردەم ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن.
سوپاس و پێ‌زانین بۆ هاوكاریی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دۆستانمان له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوكاری و په‌رۆشییان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.
هاووڵاتییانی ئازیز،
سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نوێبوونەوەی ڕه‌وایه‌تیی دامه‌زراوه‌كانمان، به ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازاده‌وه به‌نده. بۆیه له هه‌موو شوێنێك چاوی دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه و ئه‌ركی هه‌موومانه پێكه‌وه كار بۆ سه‌ركه‌وتنی بكه‌ین.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێكی به‌هێز، ده‌رفه‌ت و یارمه‌تیده‌رێكی گرنگه بۆ پته‌وكردنی سیستمی دیموكراسی و دامه‌زراوه‌یی و چاكسازی، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی سیستمی فیدراڵی و مسۆگه‌ركردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان.
به هیوای بانگه‌شه‌یه‌كی ئارام و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن.
كاتێكی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم.