ئەمڕۆ 18ـی تشرینی یەكەم، بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم پاڵپشت بە نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، داوای كردووە ناوی ڕێپێدراوانی پۆلیسیان بۆ ڕەوانە بكەن بەمەبەستی كردنەوەی خولی پێگەیاندنی ئەفسەری.
لە نووسراوەكە داوا دەكات لە ماوەی سێ ڕۆژدا ناوی گشت ڕێپێدراوانی پۆلیس دەرچووی كۆلێژەكان، ئاراستەی وەزارەت بكەن بۆ بەشداری لە خولی ئەفسەرانی باڵا، لیستەكان ناوی ڕێپێدراوانی كوڕان و كچان بەجیا ڕەوانە بكرێت و ئاماژە بكرێت بەكەسوكاری پلە یەكی شەهید.
كردنەوەی ئەو خولە لە كاتێكدایە، ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان خولی ئەفسەری نەكراوەتەوە و ژمارەیەكی زۆری ڕێپێدراوی پۆلیس لە چاوەڕوانی كردنەوەی ئەو خولەدان، بەشێكیان چەند ساڵێكە پلەكانیان گەیشتووەتە ڕێپێدراوی یەك و ئەگەر بەشداریی لە خولی ئەفسەری نەكەن، بەپێی یاسای سەربازیی پلە بەرزكردنەوەیان ڕادەگیرێت.