مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی عەرەب لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێكی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی بەعەرەبكردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاو كردووەتەوە، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو ناوچانە تا ئێستاش كێشەیەكی هەستیاری نەتەوەیین و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی تەعریبدا بوون، دەشڵێت “دۆسیەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بووەتە یەكێك لە بابەتە دیارەكانی بانگەشەی كاندید و لایەنە بەشدارەكانی پەرلەمانی كوردستان.”
ڕۆژنامەی ناوبراو ئەوەشی خستووەتە ڕوو “هەرچەندە هێشتا وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە فەرمی لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە ڕانەگەیەنراوە، بەڵام بەشێكی زۆری لایەن و كاندیدەكان باسكردنی تەعریب لەو ناوچانەیان خستووەتە نێو ئەجێندای هەڵمەتەكانیان بەتایبەتی لە كەركووك و مەخموور.”
ڕۆژنامەكە نموونەی سەرژمێریی ساڵی 1957 ی مەخموور دەهێنێتەوە و دەڵێ “لە سەرژمێریی ئەو ساڵەدا تەنیا یەك ماڵی عەرەب لە مەخموور بووە، كەچی ئێستادا زۆرینەی ڕەهای شارەكە كراوە بە عەرەب و كەمترین كوردی تێدا ماوەتەوە.”