ڕەمەزان ئیبڕاهیم رەمەزان
قوتابی زانکۆی سۆران- بەشی ماتماتیک
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا ژینگە بووەتە جێگەی بایەخ و بابەتی باس و لێکۆڵینەوە زانستییەکان . ژینگە وەکو بابەتێکی هەستیار، پەیوەست بە چالاکییەکانی مرۆڤ ، هەمیشە پێویستی بەچاودێریکردن هەیە، بۆیە باشترین خزمەت و کارکردن بۆ ژینگە ڕاگرتن و باڵانس و هاوسەنگییەکەیەتی ، ئێمەی مرۆڤ ڕۆژانە بەهۆی چالاکییە بەردەوامەکانمانەوە پاشماوەی نامۆ دەخەینە ناو هەر سێ ڕەگەزەکەی ژینگە ،(ئاو ، هەوا، خاک).
ئەمەش کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت و وادەکات لاسەنگی دروست ببێت . هەروەها ئەمە زۆر ڕوونە کەلەسەردەمی نوێدا زیاتر گرنگی و بایەخ بە ژینگە درا، ئەمەش بەهۆی چەند فاکتەرێکەوەیە ، وەک؛ درککردن بەگرنگی ژینگە لەژیانی مرۆڤدا وایکرد کە ژینگە ببێتە بابەتێک کە بتوانێت سەرنجی جیهان و خەڵک بۆخۆی ڕابکێشێت . هەنگاوی زۆر گرنگ هەیە کە کاردەکەنە سەر گۆڕینی دروشمەکان لەوشەوە بۆکردار، لەقسەوە بۆ پڕۆژە .
لەزۆربەی وڵاتانی جیهان، بۆپرسی ژینگە چەندین ڕێکاری باش و سەرکەوتوانەیان گرتووەتە بەر و هەوڵ و کۆششی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی ژینگەو بەردەوامیدان بە سروشت ، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە ئەم دەوڵەتانە دەیگرنە بەر بابەتی پەروەردەی ژینگەییە ، واتە بەفێرکردن و پەروەردەکردنی تاکی ناو کۆمەڵگە، هەوڵی کەمکردنەوەی کێشە ژینگەییەکان دەدەن. بۆیە ئامانجی پەروەدەیی ژینگەیی بەرچاو ڕوونی دانە بە مرۆڤەکان لەسروشتی ئاڵۆزی ژینگە کە لە کارلێکردنی نێوان لایەنە بایەلۆژی و ، فیزیکی ، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکانی ژینگەوە سەرچاوەی گرتوە . بێگومان پەروەردەی ژینگەیی هەردوو پەروەردەی فەرمی و نافەرمی دەگرێتەوە، هەم لەناوەندەکانی خوێندن و هەم لەخێزان دەتوانێت ئەم پەروەردەیە پەرە پێ بدات و پاراستنی ژینگە ببێتە کەلتووری . ئەم بابەتە زۆر هەستیارە و پێویستە، چونکە دەتوانێ کاریگەری لەسەر تاک دروست بکات .
بۆیە دەبینین لەئاستەکانی خوێندندا ، لەسەرەتایی ، ناوەندی و ئامادەیی، بابەتی ژینگە گرنگی پێدەدرێت ، قۆناغ دوای قۆناغ بەشێوازی فراوانتر دەخوێندرێت، بۆیە دواتر بەشێوەی وردتر وەک پسپۆرێتی لەپەیمانگەو کۆلێژەکان دەخوێندرێت، واتە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن و ناوەندەکانی خوێندن بەگشت قۆناغەکانیییەوە ژمارەیەکی زۆر لەفێر خوازو قوتابی و خوێندکار پێ دەگەیەنن، توێژێکی ڕۆشنبیر و فێرکراو لەبارەی ژینگەوە کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پاراستنی ژینگەو ڕۆشنبیرکردنی بەشی تری گۆمەڵگە. هەروەها دایک و باوک بە لەبەر چاوگرتنی هەموو ئەو ئەرکانەی کە دەیگرنە ئەستۆی خۆیانەوە بۆ پەروەدەکردنی ڕۆڵەکانیان ،کە ژیان دابین دەکەن و منداڵەکانیان و پێداویستیە سەرەتاییەکان پڕ دەکەنەوە ، لەپاڵ ئەمانەشدا ، دەبێت ئەوەشیان بیر بێت کە خوشەویستنی ژینگە و پاراستنی بکەنە بەشێکی گرنگی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان . بۆ نموونە منداڵ کە فێرکرا ژووری نوستنی خۆی خاوێن بکاتەوە ، ئەوە دەتوانێ ژینگەی دەرەوەش خاوێن ڕابگرێت .
واتە فێرە بەرپرسیارەتی و خاوێن ڕاگرتن دەبێت لەلایەن دایک و باوکیەوە.وەک دەردەکەوێت کە بیرکردنەوە لەپاراستنی ژینگە بەرهەمی خێزان و خوێندگەیە ، یان سروشتی خودی کەسەکانە یان بەرنامەو کارەکانی دامەزراوە حکومی و لۆکاڵییەکانە . واتە لەیەنی تریش هەن کەگرنگی بەپرسی ژینگە دەدەن و ڕۆڵییان هەیە لە پاراستنی . گەرتاک پەروەردەیەکی باش وەربگرێت لەسەر ژینگە و خۆشویستنی ژینگە لەناویدا بخوڵقێندرێت لەلایەن خێزانیەوە ئەوە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکات و بەرانبەر بە پاراستنی ژینگە و هەتا هەموو ئەو شتانەی کە لە دەوروبەری هەیەتی.
































































