مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێم ئاشكرای كرد سبەی تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت كە بۆ ساڵی 2025 دەچنە حەج.
ڕێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری كارگێڕی كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند ” سبەی چوارشەممە 25ی ئەیلوول، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم، تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت كە بۆ ساڵی 2025 دەچنە حەج.” ئەگەرچی پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندبوو ئەوانەی ناویان لە تیروپشك دەرنەچێت، جارێكی تر ناوییان ناخرێتەوە ناو تیروپشكەوە و دەبێت دووبارە ناوی خۆیان تۆمار بكەنەوە.
بەڵام مانگی ڕابردوو وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی دەركرد كە ئەم ساڵ هیچ ناوێكی نوێ بۆ چوونە حەج نانووسرێت.
هاوكات وەزارەتی ئەوقاف لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات ئەو كەسانەی لە ساڵی 2017 ناویان نووسیبوو كە زیاتر لە 65 هەزار كەسە، لەگەڵ ئەوانەی ساڵی 2023، ناویان لە تیروپشكی حەجی 2025 دا دەبێت.