” هیچ چاودێرییەک لەسەر ئەو قوتابخانانە نییەو کرێی خوێندن جیاوازە”
بەدواداچوون: زارى کرمانجى-سۆران:
لە باخچەو قوتابخانە ئەهلییەکانى سۆران، کرێى خوێندنى ساڵانەى قوتابییان جیاوازە، نازانرێت قوتابخانەکان لەسەرچ پێوەرێک پارەى خوێندن وەردەگرن، کەسوکارى قوتابییانیش گلەیى لەوە دەکەن.
بەپێى بەدواداچوونێکى زارى کرمانجى، لە قەزاى ناوەندى سۆران بۆ باخچەو قوتابخانە ئەهیلەکان کراوە دەرکەتووە، کە کرێى خوێندن لە باخچەو قوتابخانە ئەهلییەکان، لە یەک ملیۆن دینار دەست پێ دەکات، تا زیاتر لە ٢ ملیۆن دینار.
جگە لە کرێى خوێندنى ساڵانە، لە هەندێ باخچەو قوتابخانەکان پارەى خواردن بە جیاواز لە قوتابییان وەردەگیرێت، لە هەندێ قوتابخانەى دیکە لەگەڵ کرێى خوێندن ئەژمار کراوە، پارەى خواردنیش بۆ یەک ساڵى خوێندن لە ٢٠٠ هەزار تا ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگیرێت.
”پێویستە وەزارەتى پەروەردە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و ڕێنمایى تایبەت هەبێت”
هەر لەو بەدواداچوونەى زارى کرمانجى ئاشکرا کراوە، ئەو جلوبەرگەى لە باخچەو قوتابخانە ئەهلیەکان، بە مەبەستى یەک پۆشى، بە قوتابییان دەدرێت، بە هەمان شێوە لە هەندێ قوتابخانە لەگەڵ کرێى خوێندن ئەژمار کراوە، لە هەندێکى دیکە پارەى جلوبەرگیش قوتابییان وەردەگیرێت، بڕى پارەکەش جیاوازە.
لە تەواوى باخچەو قوتابخانەکان ئەهلییەکان، کرێى هاتووچۆو گواستنەوەى قوتابییان دەکەوێتە ئەستۆى خێزانەکان.
باوکى یەکێک لە قوتابییەکان، کە منداڵەکەى لە قوتابخانەیەکى ئەهلى دەخوێنێت، بۆ زارى کرمانجى گووتى: ” لە ماوەى رابردوو بۆ ئەوەى ناوى منداڵەکەم لە قوتابخانەیەکى ئەهلى تۆمار بکەم، لەبارەى زۆرى و کەمى کرێى خوێندن سەردانى چەند قوتابخانەیەکى بنەڕەتیم کرد، کرێى خوێندن زۆر جیاواز بوو، هەتا لە پارەى خواردن و جلوبەرگ و خزمەتگوزارییەکانیش جیاوازیان هەبوو”.
زیاتر گووتى: ”پێویستە وەزارەت ڕێنماییى تایبەت بە باخچەو قوتابخانە ئەهلیەکان دەربکات، لە کرێی خوێندن و پارەى خواردن و جلوبەرگ و تەواوى خزمەتگوزارییەکان، چونکە ناکرێت هەر یەکەو بە ئارەزووى خۆى پارە وەربگرێت، دەبێ شتێکى ستاندار هەبێت و بەپێى قۆناغەکانى خوێندن و خزمەتگوزارییەکان کرێى خوێندن دیارى بکرێت، بۆیە هیچ چاودێرییەک لەسەر ئەو قوتابخانانە نییە”.