سۆمەیان عەبدولقادر-مێرگەسۆر:
لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بۆ ماوەی دوو ڕۆژە دەست بە دابەشكردنی نەوت كراوە و تا ئێستا 2 هەزار خێزان وەریان گرتووە. بەرێوبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: تا ئێستا 10 هەزار خێزان لە ئیدارەی سۆران نەوتیان وەرگرتووە، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی دانیشتووانی سنوورەكە نەوت وەردەگرن.
ئەمیر شانەدەری، بەرێوبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ماوەی دوو ڕۆژە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، لەو دوو ڕۆژەدا زیاتر لە 2 هەزار خێزان لە سنووری هەر دوو ناحیەی شێروان مەزن و بارزان وەریان گرتووە و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی دانیشتووانی سنوورەكە بەشە نەوتی خۆیان وەردەگرن.
بەرێوبەری نەوت و كانزاكانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران زیاتر لە 10 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە و 78 هەزار خێزانیش ماون وەربگرن، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی دانیشتووانی سنوورەكە ئەو بڕە نەوتەی دابەشدەكرێت وەربگرن.
شایانی باسە هەر خێزانێك دەبێت 104 هەزار دینار بدات بۆ ئەوەی ئەو بەرمیل نەوتە وەربگرێت، ئەگەر ببرێتە بەردەمی ماڵەكەشی دەبێت 106 هەزار دینار بدات.