ئەڤین بارزانی
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی زۆر قەیراناویدا دەست بە كارەكانی كرد، چونكە لە لایەك دوژمنانی گەلی كوردستان بە هەموو شێوەیەك كاریان دەكرد بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و لە لایەكی دیكەشەوە هەندێك هێزی سیاسی لە هەرێم لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان هەر زوو لە دژی چاكسازییەكانی سەرۆكی حكومەت كاریان كرد، هەر بۆیەش بە ڕۆژ لەناو حكومەت بوون و شەوانەش لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە دەستیان بە دژایەتی كردنی كابینەی نۆیەم كرد.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك ساڵی سەرەتایی تەمەنی دا چەندین كاری باش و گەورەی كرد، بەڵام هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم پرۆژەكانی برا گەورە یان… بەڕێز مەسرور بارزانی دروست كرد، بەڵام لە ڕۆژە سەختەكاندا، سەركردەكان دیار دەبن، جەنابی برا گەورەش سەلماندی كە بەڕاستی سەركردەی ڕۆژە سەختەكانە، نیشانی دا كە ئەو بە هەموو مانایەك سەركردەیە و هیچ تەگەرەیەك ئەو ناوەستێنێت، سەرۆكی حكومەت بە ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە دژی پلانە نێودەوڵەتییەكان دەستیان بە كارێكی زۆر گەورە كرد، لە لایەكەوە دەستی بە پرۆژەی چاكسازی كرد، لە لایەكی ترەوە فەرمانبەران چاوەڕێی مووچە بوون و خەڵك چاوەڕێی خزمەتگوزاری، بەڵام بودجە نەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو كێشانە، بەڵام سەرۆكی حكومەت مەیدانی بۆ كەس چۆڵ نەكرد و زۆر كاری گەورەی كرد. لە ماوەی كابینەی نۆیەم دەیان پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێ كران، ڕێگای نێوان پارێزگاكان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان دروستكران، چاكسازیی گەورە لە كەرتی تەندروستی و پەروەردەدا ئەنجام درا، بە كەمترین بودجەش زۆر كاری گەورە ئەنجامدران، ڕاستە خەڵك مووچەی دەوێت، كە مافی ڕەوای هەموو فەرمانبەرانە، بەڵام خەڵكیش چاوەڕێی خزمەتگوزاری باشتر بوون، لە دۆخێكی هێندە سەختدا یەكێتیش داهاتی وەكوو پێویست ڕادەستی حكومەت نەكرد. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گرفتانە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی برا گەورە زۆر كاری گەورەی ئەنجامدا و لە زۆر بوار دا سەركەوتوو بوو. یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكانی تر دروستكردنی بەنداوەكان بوو، هاوكات چەند بەنداوێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان دروستكران و كار لەسەر دروستكردنی چەند بەنداوێكی گەورەی تریش دەكرێت، بەم شێوەیە قەیرانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە تەواوی چارەسەر دەكرێت، بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی حكومەت بەغدا ناچار بوو زۆرێك لە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان قبووڵ بكات، بەڵام ئەو هێزانەی كە تەنیا بەرژەوەندییە بچووكەكانی خۆیان دەوێت، نایانەوێت ئەو كارە گەورەیە ببینن، لە كاتێكدا كە جێگری سەرۆكی حكومەت یەكێتی یە، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكەیدا باسی ئەم كارە گەورانە ناكەن. هێزەكانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش ئامادە بوون هەموو شتێك ڕادەستی بەغدا بكەن و تەنانەت فشارێكی زۆریان خستە سەر سەرۆكی حكومەت و پارتی، بەڵام سەرۆكی حكومەت شێوازی ڕاستی هەڵبژارد و سیاسەتێكی سەركەوتووی لەسەر بنەمای دەستووری… عێراق لەگەڵ بەغدا دەستی بە دانوستان كرد، پارتی و سەرۆكی حكومەت دەیانویست بەغدا ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان قبووڵ بكات، ئەگەر ئێستا بەغدا ڕێز لە هەرێمی كوردستان دەگرێت و شاندەكانی بەغدا بۆ دانوستان دێنە هەرێمی كوردستان، ئەمە بەرهەمی سیاسەتی ژیرانەی سەرۆكی حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا كولتوورێك دروست بووە، هێزە سیاسییەكان لە سەختی و ناخۆشییەكان دا دیار نین، بەڵام شەریكی خۆشی و سەركەوتنەكانن و دەڵێن ئەمە دەستكەوتی ئێمەیە، بەڵام خەڵكی كوردستان هەموو شتێك باش دەزانێت. سەركەوتن هەر بۆ پارتی و خەڵكی كوردستان دەبێت، مێژووی پڕ لە شانازیی پارتی نیشانی داوە پارتی هەردەم كار بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كردووە، خەڵكی كوردستانیش باش دەزانن كامە هێزە دەتوانێت خزمەتی ئەوان بكات.