مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمپانیای مێتا لە پێناو پاراستنی مێردمنداڵان چاتكردن لە درەنگانی شەو قەدەخە دەكات .
كۆمپانیای ناوبراو لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات لە دوای 24ی ئەم مانگەوە وەك هەنگاوی یەكەم لە ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا هەر كەسێك تەمەنی لە خوار 18 ساڵییەوە بێت، لە ڕێگەی تەكنۆلۆژیای زیرەكەوە هەژمارەكانیان سنووردار دەكرێت و چاتكردنییان لە درەنگانی شەو لێ قەدەخە دەكرێت.
سنوورداركردنەكە هەر وەكوو لە ڕاگەیاندراوەكەی میتا هاتووە “چەند ڕێكارێكی تایبەت لەخۆ دەگرێت، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە تەنیا دەتوانن لەگەڵ ئەو كەسانە نامە بگۆڕنەوە كە فۆلۆویان كردوون و پەیوەندیی نزیكیان هەیە، هاوكات ناتوانن لە كاتژمێر 10:00ی شەوەوە تا 07:00ی بەیانی لەگەڵ هیچ كەسێك قسە بكەن.”
هاوكات میتا كۆمەڵێك كرداری تری وەك ناردنی ڤیدیۆكانی تایبەت بە ڕێكلامەكانی نەشتەرگەریی جوانكاری، شەڕ و بابەتە هەستیارەكانیان، لە مێردمنداڵان سنووردار دەكات .