زاری كرمانجی-سۆران:
*ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاسانە
- پێویستە ڕێز لە دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت
- دەبێت دەستوور ناوبژیوان بێت لە دیاریكردنی جۆری پەیوەندی لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناكرێت هیچ لایەن و حزبێكی سیاسی جۆری ئەو پەیوەندییە دیاری بكات.
- هەرێمی كوردستان، زیاتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق، پابەندییە داراییەکانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ كردووە.
- هێشتا مەترسیی تیرۆریزم لەسەر عێراق كۆتایی نەهاتووە، لەوانە داعش کە مەترسییەكی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە.
- ئێمە بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردنێکی نوێ دەچین و گەلی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات کە کێی دەویت و کێ هەڵدەبژێرێت، ئایا ئەم گەلە پشتیوانی لە دابەشكردن و خۆبەدەستەوەدان و وێرانكردن دەکات یان یناتنان و پێشكەوتن؟
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و تایبەتدا، لەگەڵ کەناڵی (العربیه) باسی لە بارودۆخی هەنووكەییی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و گفتوگۆکانی ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کرد. ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی چاوپێكەوتنەکەیە:
العربیە: دوو ساڵ بەسەر پێكهێنانی حكوومەتەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی دا تێپەڕ دەبێت، ئایا ئێوە هاوبەشن یان تەنیا بەشدارن لەو حكوومەتە؟ چۆن پەیوەندییەكەتان لەگەڵ بەغدا دەبینن؟
سەرۆکی حکومەت: زۆر بەخێر بێن، خۆشحاڵم بەوەی جارێكی دیكە چاوپێكەوتنتان لەگەڵ دەكەم. بێگومان ئێمە حەز دەكەین هاوبەش بین لە حكوومەت، هەموو ڕێزێكمان بۆ بەڕێز سوودانی هەیە. لەو ماوەیەی كە بەڕێز سوودانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی وەرگرتووە، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا پێشكەوتووە، تاوەكوو ئێستاش هەندێك لە كێشەكان ماون، بەڵام هەردوو لایەن كار دەكەین بۆ كۆتاییهێنان بەو كێشانە. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، پابەندبوونە بە دەستوور و جێبەجێكردنی هەموو ماددەكانی دەستوور، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هەست بەوە بكات كە هاوبەشی راستەقینەیە لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراق.
العربیە: زۆر لە سیاسییەكان قسە لەسەر دەستوور دەكەن، بەڵام هەندێك وای دەبینن كە جێبەجێكردنی دەستوور بەپێی ئەو سوودەیە كە لایەنی جێبەجێكار دەیبینێت، كامانەن ئەو خاڵە ناكۆكانەی تاوەكوو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا ماون، مووچەیە یان بابەتی نەوت و غازە؟
سەرۆکی حکومەت: كێشەمان گەورەترە لەوەی لە دۆسیەی مووچە یان نەوت و غازدا كورت بكرێتەوە، هەروەك دەزانن كە دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ڕیشەی مێژوویی هەیە و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە. پێویست بوو لەسەر ئەو دەوڵەتە كە لەسەر بنەمای دوو پێكهاتەی سەرەكیی لە عێراق دابمەزرێت كە ئەوانیش كورد و عەرەبن لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، عێراقیش بە یەكسانی ببێتە وڵاتێك بۆ هەموومان. كێشەمان لە (ناسنامەی نەتەوەیی، خاك، ناوچە كێشەلەسەرەكان)دا خۆیان دەبینێتەوە، بابەتەكانی نەوت و غاز و بودجە و مووچە پاش كەڵەكەبوونی كێشەكان و چارەسەرنەكردنیان دەرکەوتن. بۆیە ئەگەر راستیت دەوێ، چارەسەر لە دەستوور هەیە بۆ كێشەكەمان، ناتواندرێت دەستوور وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندیی لایەنێك لە دژی لایەنێكی دیكە بەكار بهێندرێت.
دەستوور بریتیە لە كۆمەڵە خاڵێك كە دانوستانیان لەسەر كراوە و هەموو لایەنەكان لەسەری رێككەوتوون و گەرەنتیی مافی زۆرینەی عێراقییەكانی كردووە. ڕاستە كورد و پێكهاتەكانی تر پێیانوایە كە دەستوور هەموو مافەكانیانی گەرەنتی نەكردووە، بەڵام وای دەبینین كە ئێمە دەستوورێكمان هەیە و زۆربەی عێراقییەكان دەنگیان لەسەر داوە و دەبێت لە لایەن هەموانەوە ڕێزی لێ بگرێت و ناكرێت وەك لیستێك سەیر بكرێت كە هەر كەسەی ئەو خاڵانە هەڵبژێرێت كە دەیەوێت تاوەكوو جێبەجێی بكات و بڕگە و ماددەكانی دیكەش پشتگوێ بخات. كورد بە وردی لە دانوستانەكانی دەستوور كردووە و ئێمە پابەندین بەوەی كە دەستوور هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
العربیە: هەندێك وای دەبینن كە لایەنی كوردی هەن هەرێمی كوردستانیان لاواز كردووە، هەندێك وای دەبینن كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە لاوازترین دۆخی سیاسیی خۆیدایە، بەهۆی بوونی ناكۆكی لەنێو حزبە كوردییەكان و بەهۆی ئەوەی كە حزبی كوردی هەیە كە بەغدا لە سەرووی هەرێمی كوردستان دادەنێت؟
سەرۆکی حکومەت: جیاوازیی سیاسی لە نێوان هەموو حزبە سیاسییەكان، لە بەغدا و هەموو عێراق هەیە، هەموو شیعە و هەموو سوننەش كۆك نین بە تەواوی، ناتوانیت مامەڵە لەگەڵ ناكۆكیی نێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت وەك خاڵێكی لاواز، ئێمە هیوامان دەخواست كە هەڵوێستی حزبە كوردستانییەكان یەك بێت و كۆك بن، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و پێویستە هەمووان پێیەوە پابەند بن، ئەگەر هەر لایەنێك پابەندییەكانی بەرامبەر دەستوور جێبەجێ نەكرد، پێویستە دەستوور خۆی ناوبژیوان بێت لە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە. پێویستە دەستوور ناوبژیوان بێت لە دیاریكردنی جۆری پەیوەندی لە نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی جۆری ئەو پەیوەندییە دیاری بكات. دەستوور خۆی دیاری دەكات، بۆیە دەبێت ڕێز لەو دەستوورە بگرین كە پەیوەندییەكانی تێدا ڕێكخراوە.
العربیە: سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا لەم دواییانەدا گوتی، دەبێت یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە یانیش یاساكە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، پێتوایە بگەنە چارەسەرێكی ڕازیكەر لە ماوەی داهاتوودا؟
سەرۆکی حکومەت: باوەڕ بكە ئەگەر نیەت و نیازپاکی هەبێت، چارەسەر ئاسانە. بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەو نیازەمان هەیە و چەندان جار دووپاتمان كردۆتەوە، هەنگاوی ئەرێنی هەن كە ناومانن بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی عێراق.
هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بابەتێكی سوودبەخش بوو بۆ بەرژەوەندیی عێراق و وەستاندنیشی زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاند. بۆ زانیاریتان، وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە بە هۆی ئەوەی زیاتر لە 19 ملیار دۆلاری زیانمان پێ بکەوێت، زۆربەی ئەو زیانەش بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە حكوومەتی فیدڕاڵی هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووكردنەوەی هەرێمی كوردستان لەو زیانەی بەریكەوتووە. هەروەها تاوەكوو ئەو بڕیارە بەردەوام بێت، زیانەكانیش بەردەوام دەبن. بۆیە ئێمە وای دەبینین كە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بۆ عێراق بە شێوەیەكی گشتی سوودبەخش دەبێت.
ئێستا دوو خاڵی سەرەكی ماون كە پێموایە چارەسەركردنیان زۆر ئاسانە، یەكەمیان خۆی لە تێچووی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەبینێتەوە. كێڵگەكانی كوردستان جیاوازن و جۆری نەوتیش لەو كێڵگانە جیاوازن، ئێستاش دانوستان لەبارەی دیاریكردنی نرخی كێڵگە نەوتییەكان لە تەواوی عێراق هەیە. لەو ناوچانەی كە نەوتی قورسیان تێدایە، دەرهێنان زەحمەت دەبێت و نرخەكەش بەرز دەبێت بە جۆرێك كە لە 30 دۆلار كەمتر نییە، بۆیە نابێت نرخێكی یەكگرتوو لە بودجەدا جێگیر بكرێت کە بە 6 یان 8 دۆلار دابنرێت و بەسەر هەموو عێراقدا بگشتێندرێت، ئەمە بابەتێكی مەحاڵە، چونكە كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان هەموویان بیانین و بەشێك لە سەرمایەكانیان بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێناوە، بەشێكیشی وەك تێچووی گەڕاندنەوە لەوەی لە نەوت دەردەهێندرێت، بەشێكی دیكەی وەبەرهێنانەكەشیان بەپێی گرێبەستەكانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەرزە كەڵەكەبووەكان وەردەگیرێت، بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو تێچوونانە، تێچوونی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەردەكەوێت.
ئەو تێچووە ئێمە دیاریمان نەكردووە، ئەوە واقیعێكە كە لە لایەن لێژنەی تایبەتمەندەوە دیراسە كراوە، ئەگەر گەیشتینە ڕێككەوتن لەسەر ئەم بابەتە، كێشەكە زۆر زۆر ئاسانە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.
العربیە: كەسانێك لە بەغدا دەڵێن كە هەرێمی كوردستان نەوت بەقاچاخ دەنێرێتە دەرەوە، هەندێك دەڵێن هەرێم مووچەی دوو ئەوەندە وەردەگرێت و ناوی خەیاڵی لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دانراوە تاوەكوو پارەی دەست بكەوێ، هەیە دەڵێ حكوومەت داهاتی دەروازە سنوورییەكان ناداتە حكوومەتی فیدڕاڵی؟
سەرۆکی حکومەت: هەركەس ئازادە چی دەڵێت، بەڵام دەبێ ئەوەی کەسەی كە ئێمە تۆمەتبار دەكات، قسەكانی بە بەڵگەی ڕاستەقینە و بەهێز بخاتە ڕوو. ئێمە ئەو قسە و تۆمەتانە ڕەت دەكەینەوە كە هیچ بنەمایەكی راستی نییە و هەرێمی كوردستان، زیاتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق، پابەندییە داراییەکانی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ كردووە. هەرێمی كوردستان هەموو ئەو شایستانەی كە لە دەستووردا نووسراون بە خەزێنەی گشتی داوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە مافە داراییەكانی و پشكەكەی لە بودجەی گشتی سوودمەند نەبووە. ڕێژەیەكی گەورەی بودجەی عێراق وەك خەرجیی سیادی دیاری كراوە، پێویستە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدا بێت، بەڵام هەرێمی كوردستان تاوەكوو ئێستا لە خەرجییە سیادییەكان سوودمەند نەبووە. ئەمە جگە لە قەرەبووكردنەوەی گەلی كوردستان بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە دژی كرا لەسەر دەستی ڕژێمی هەڵوەشێندراوە، لە پرۆسەكانی كۆمەڵكوژی كە زیاتر لە 182 هەزار شەهید لە پرۆسەكانی ئەنفال هەبووە، كوا قەرەبووەكان بۆ كەسوكاری زیاتر لە 5 هەزار شەهیدی بۆردومانی كیمیاوی لە هەڵەبجە؟ كوا قەرەبووەكانی وێرانكردنی زیاتر لە 4500 گوند؟ ئێمە یەك فلسیشمان لەو قەرەبووانە وەرنەگرتووە.
هەرێمی كوردستان پابەندیی دارایی خۆی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ کردووە، وەڵامی من بۆ ئەوانەی كە هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكەن، ئەوەیە کە دەستپێشخەری بكەن بۆ گەڕان و لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بۆ موڵك و ماڵی عێراق، بۆ ئەوەی بزانین لە کوێیە و چارەنووسی چییە؟ ئایا هەمووی بۆ خەزێنەی عێراق دەگەڕێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی گشتیی عێراق خەرج دەكرێت؟ یان سەرنجەكە هەر لەسەر هەرێمی كوردستانە و قۆستنەوەیەتی وەك بابەتێكی سیاسی لە دژی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكەینەوە.
العربیە: ئایا لەوە دڵنیان كە هەندێک لایەن هەن كار لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن؟ چۆن سەیری بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگا دەكەن لەبارەی كۆتاکان كە سەرەتا دەركرا و دواتر هەمواركرایەوە، ئایا ئەمە لە ڕووی هەڵبژاردنەوە كار لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان خەڵكێك هەیە كە هێشتا پێیوایە دەبێت حوكم لە عێراق ناوەندیی و مەركەزی بێت، ئەوانە باوەڕیان بە فیدڕاڵیەت و دەستوور و حكوومەتی نوێی عێراقیش نییە. دەبێت هەموومان ڕووبەڕووی ئەم بیركردنەوەیە ببنەوە. پێویست بوو ئێمە لە دوای پەسەندکردنی دەستوور، عێراقێكی نوێ بنیات بنێین، عێراق بۆ هەموومان بێت و مافەكانمان تێیدا پارێزراو بێت. بەڵێ ئێمە ئەركمان هەیە، بەڵام مافیشمان هەیە و ناتواندرێت تەنیا قسە لەسەر ئەركەكان بكرێت و لە مافەكانمان بێبەش بكرێین. ئەوانەی بەم شێوەیە بیر دەكەنەوە، پێش ئەوەی زەرەر بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن، زەرەر بە خۆیان دەگەیەنن. سەركەوتنی عێراق لەسەر ڕێزگرتنمان لە یەكتر وەستاوە. عێراق ئەو کاتە سەردەكەوێت ئەگەر پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بە هێز و سەركەوتنی عێراق بزانێت.
هەرچی لەبارەی هەڵوێستە سیاسییەكان و بە تایبەتیش ئەوەی لەبارەی كۆتا گوتتان، من پێموایە كە بڕیارێكی ناهەق بوو، بڕیارێك بوو كە هیچ پەیوەندییەكی بە دەستوور و یاساوە نەبوو، چونكە دەسەڵاتی دادوەریی، بابەتە دادوەرییەكان یەكلا دەكەنەوە نەك تەشریعییەكان. كورسییەكانی كۆتا لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دیاری كرابوو، تەنیا دەسەڵاتی یاسادانان دەیتوانی بیگۆڕێت، بەڵام ئەم بڕیارە سیاسییە لە ڕێگەی دامەزراوەیەكی دادوەری درا و كورسییەكانی كۆتای پێكهاتەكان هەڵوەشێندرایەوە.
لەم بڕیارەدا زیادەڕۆیی یاسایی و زیادەڕۆیی مافی هاووڵاتیان لە ڕۆڵەكانی پێكهاتەكان كراوە، لە هەرێمی كوردستان پێكهاتەی وەك مەسیحی و توركمان هەن، كورسیی كۆتا بۆ گەرەنتیكردنی بەشداریكردنی نوێنەرانیان لە پەرلەمان دانراوە، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆر بەرز نییە، بۆیە لە ڕێگەی كۆتاوە چارەسەر كراوە و بەشداریكردنیان گەرەنتی كراوە، بەڵام ئەم بابەتە بە بڕیارێكی دادوەری هەڵوەشێندرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگربووین لەسەر گەڕاندنەوەی بەشێك لەو كورسییە هەڵوەشێندراوانە و توانیمان پێنج كورسی لە چوارچێوەی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێنینەوە، هەرچەندە ئەم چارەسەرە زۆر دادپەروەرانە نییە، بەڵام باشترە لەوەی هەر هیچیان نەبێت.
العربیە: لەم دواییانە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بۆردومان بووەوە بە پاساوی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی، چەند ڕۆژێكیش سەردانێكی سەرۆكی ئێران هەبوو، ئایا هەموو ئەم خاڵە جێی مشتومڕانە كۆتاییان پێهێنراوە؟ مەترسیی ئێران لە لایەك و هەرێمی كوردستانیش دەڵێت كە رێگە نادات زەوییەكانی وەك خاڵی هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بهێندرێت، ئایا بۆ لایەنی ئێرانتان ڕوون كردەوە كە ئەوەی ئەوان دەیڵێن ناڕاستە؟
سەرۆکی حکومەت: ئێمە هەڵوێستمان زۆر ڕوون و ڕاشكاو بووە، لە ڕۆژی یەكەمەوە گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ بنكەیەكی ئیسرائیلی لەخۆوە نەگرتووە و هیچ بنكەیەكیان لە هەرێم نییە. زۆر لێكۆڵینەوە لەمباریەوە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵی كران، شاندەكانی بەغداد سەردانی ئەو ناوچانەیان كردووە كە بە مووشەك بۆردومان كراون، شاندی هەرێمی كوردستانیش یاوەرییان كردوون. لە ئەنجامدا، هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە و ئەنجامەكانیان ڕاگەیاندووە كە دەیسەلمێنێت ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە.
پاساوەكە هەرچی بێ و هۆكارەكە هەرچی بێ، ئەگەر پاساوەكە بەهۆی زانیاریی هەڵەوە بووبێت یان بەهۆی ئامانجێكی دیكە بێت، پاساوەكە هەرچی بێت، هێرشەكە زاڵمانە و توند بوو لەسەر هەرێمی كوردستان. ئەو تۆمەتەی كە ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرا، ڕاست نەبوو. لەم ماوەیەشدا داوامان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد ئەو بانگەشانەیان بە بەڵگەوە بسەلمێنن، تاوەكوو ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان نەخستۆتە ڕوو كە بیسەلمێنێت ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ڕاست بێت. حكوومەتی فیدراڵیش شایەدە لەسەر ئەم بابەتە و لیژنەكانی لێكۆڵینەوەیان سەلماندوویەتی كە ئەم بانگەشە و تۆمەتانە ڕاست نین. بۆیە هیوادارم باوەڕیان بەم بابەتە بێت.
هەرچی سەردانەكەی سەرۆكی ئێرانە، من پێموایە رووداوێكی نوێ و گرنگ و باشە، ئێمە بەوپەڕی گەرمییەوە پێشوازیمان لێكرد، هیوادارم ئەم سەردانە سەرەتایەكی باش بێت بۆ باشكردنی پەیوەندییەكان و سەرلەنوێ جێگیركردنی پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش لەسەر بنەمای هاریكاری و ڕێزلەیەكترگرتن، دوو دراوسێی باش بین.
العربیە: خاڵێكی دیكەی ئەمنی هەیە كە هێشتا لەسەر هەرێمی كوردستان بە داخراوی ماوەتەوە، پارتی كرێكارانی كوردستان، شاندێكی ئەمنی، دیپلۆماسی و سیاسی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر چوونە توركیا و ئێستا عێراق دەیەوێ لەگەڵ لایەنی توركی ڕێككەوتنێك واژۆ بكات. تا چەند ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەكراوە؟ تا چەند پارتی كرێكارانی كوردستان ئاستەنگی ئەمنی بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات؟ لە هەمان كاتدا لایەنی كوردیش هەن كە سوود لە بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەبینن؟
سەرۆکی حکومەت: زۆر بەداخەوە، بەڵام بوونی پەكەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ناوچەكە نیە، بە تایبەتیش كە ئەوان ئێستا لە هەندێك ناوچەدان كە هیچ پەیوەندییەكی بەو ئەجێندا سیاسییەوە نییە كە بانگەشەی بۆ دەكەن. بۆ نموونە ئەوان لە شنگالن، چی دەكەن لەو ناوچەیە؟ چی دەكەن لە خانەقین و ئەو ناوچانەی لە سنوورەكانی توركیا دوورن؟
بە ڕاشكاوی، بوونیان زۆر حەساسیەتی بۆ توركیای دراوسێمان دروست كردووە، زۆر لە كردەوە سەربازییەكانیشی توركیاش لە ناوچە سنوورییەكانە و هەندێكجار لە قووڵایی هەرێمی كوردستانە، پاساوەكەش بوونی هێزەكانی پەكەكەیە. ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی واژۆ كرد كە ڕێككەوتننامەی شنگالە، بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەكرا. لە ڕێككەوتنەكەدا خاڵێك هەیە كە دەڵێت (لەسەر هەموو گرووپە چەكدارە نایاساییەكانە لەو ناوچەیە دەربچن، تەنیا هێزە فەرمییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵی و پێشمەرگە بمێننەوە). بەڵام ئێمە دەبینین مانەوەی ئەو گرووپانە بەردەوامە، ئەوەش ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خەڵكی شنگال و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی دروست دەكات.
بابەتەكە تەنیا ئەمنی نییە، بابەتەكە بە سیاسی كراوە، بۆیە جەخت لە زەروورەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال دەكەینەوە كە دەبێتە سەرەتایەكی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانەی كە پێیان دەگوترێ ناوچەی كێشەلەسەر.
العربیە: چی دەڵێن لەبارەی پەیوەندیی هەندێك حزبی كوردی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و پشتیوانییان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو قسەیەی كە ئێستا دەكرێت بەوەی بارەگایان لە سلێمانی هەیە؟
سەرۆکی حکومەت: من هیوادارم پرسیار لەوان بكەیت كە بۆچی ئەم هەڵوێستەیان هەیە و بۆچی ئەم پەیوەندییەیان دروست كردووە؟ وای نابینم كە ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیش بێت، هیوادارم بەم سیاسەتەدا بچنەوە. ئێمە بەردەوام گوتوومانە كە مافی گەلی كوردستان ڕەوایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ هیچ هەنگاوێكی تێكدەر نین نە لێرە و نە لە هیچ شوێنێكی تر.
العربیە: خاڵێكی دیكەی گرنگ هەیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، نیازێك هەیە لە لایەن حكوومەتی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی ئەو هێزانە لە 2025-2026، چۆن سەیری كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەرچوونی لە عێراق دەكەن؟ ئایا عێراق ئامادەیە بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە؟ لە كاتێكدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر چەندان ئۆپەراسیۆن دژی ڕێكخستنەكانی داعش هەبوون و زۆر لە سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە لە بیابانی ئەنبار كوژران، ئایا پێتانوایە كە هێشتا داعش مەترسییە و عێراق پێویستیی بەو هێزانەیە؟
سەرۆکی حکومەت: پێموایە هێشتا مەترسیی تیرۆریزم لەسەر عێراق كۆتایی نەهاتووە، لەوانە داعش کە مەترسییەكی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، هەروەك دەزانن كە قاعیدە لەو ناوچانە بووە پێش داعش، پێش ئەوانیش ئەنساڕولسوننە هەبوون، هەر یەك لەو ڕێكخراوانە كە لە دوای یەك هاتن، دڕندەترن. هەندێك لە عێراقییەكان چوونە پاڵ داعش لەپێناو تۆڵەكردنەوە. تۆڵەكردنەوە لە ڕژێمێك كە نەیدەتوانی تەقەبوڵی بكات و هەزمی بكات. ئەم هۆكارە هانی هەندێكی دا كە بچنە پاڵ لایەنێك یان حزبێكی توندڕەو یان گرووپێكی تیرۆریستی. ئەو هۆكارانەن كە پێویستە سەرنجیان بخەینە سەر. ئەمە وێڕای ئەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەی هەبووە. بەڵام ئایا بەسەر گەندەڵیدا زاڵ بوون؟ یانیش چارەسەری هەژاری و نادادپەروەری كراوە؟ لەبەر بوونی ئەو هۆكارانە، خەڵك بیر لە تۆڵەكردنەوە دەكەنەوە، لایەنە تیرۆریستییەكانی وەك داعش و غەیری ئەوانیش ئەم بابەتە دەقۆزنەوە.
ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی لە عێراق باشترە و ئەدای هێزە ئەمنییەكانیش باشترە، بەڵام ئایا گەیشتۆتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە تیرۆریستییەكان؟ تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، چونكە مەترسییەكانی تیرۆر تەنیا لە داعش كورت ناكرێتەوە. زۆر هۆكار هەن كە وادەكەن ئەو هێزانە بە تەواوی ئامادە نەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر، تاوەكوو ئێستاش ئەو هێزانە پێویستییان بە هاوكاری و ڕاوێژی نێودەوڵەتی هەیە. بەڵام چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئەو پەیوەندییە كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت یان لە میانی ڕێككەوتنێكی دوولایەنەی نێوان عێراق و وڵاتە دۆستەكان دەبێت، ئەمە دەوەستێتە سەر دانوستان و گفتوگۆكان. هیوادارم بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی عێراق لە پێش بەرژەوەندیی هەموو لایەنێكی تر بێت.
العربیە: ئایا ئەو هەڕەشانە كۆتاییان هاتووە كە خۆی لە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك دەبینییەوە لە لایەن هەندێك میلیشیای چەكدار و گرووپ بە ئاراستەی هەرێمی كوردستان؟ یانیش ئەگەر هەڵوێستێكی سیاسیی بێزاركەر بۆ هەندێك هەبوو، جارێكی دیكە ئەم هێرشانە دەگەڕێنەوە؟
سەرۆکی حکومەت: هیوادارم ئەم گرووپانە كۆنتڕۆڵ بكرێن. ئێمە حكوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسی یەكەم لە دابینكردنی ئاسایش لە تەواوی عێراق بەسەر ئەو گرووپانە دەبینین، هیواداریشین كە ڕێوشوێنی دروست بەرامبەر هەر چالاكییەكی هەر گرووپێك بگیرێتە بەر كە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی حكوومەت دەیكەن. هیوا دەخوازین كە ئەم هەڵسوكەوتانە دووبارە نەبنەوە، چونكە زیادبوونی ئەم چالاكییانە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی هەموو عێراق دەبێت، جا ئەمە بەرپرسیارێتیی حكوومەتی فیدڕاڵییە كە كۆنتڕۆڵی ئەم گرووپانە بكات.
العربیە: بۆیە پەناتان بۆ كڕین و وەرگرتنی تۆپهاوێژی قورس بردووە، حزبی تەقەدوم ڕەخنەی لە وەرگرتنی ئەو تۆپانە گرت و وای دەبینێت كە دەكرێ چەكی دیكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی میلیشیاكان وەربگرن، بەڵام تۆپهاوێژێك نا كە ڕێی تێ بچێت بەهۆیەوە بەرەو گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركووك و نەینەوا بچن؟
سەرۆکی حکومەت: پێم سەیرە خەڵكێك وا هەست بكات كە خۆی خاوەنی عێراقە و دەبێت خێرمان پێ بكات ئێمە خاوەنی چی بین و چیمان هەبێت و چیمان نەبێت. یان لە كوێ دەسەڵاتمان دەست پێدەكات و لە كوێ پێویستە كۆتایی پێ بێت. ئێمە هەموو دەسەڵاتێكمان هەیە وەك هەر لایەنێكی دیكە. ئەگەر هەندێك کەس ولایەن بۆچوونی دیكەیان لەبارەی ئەوەی کە ئێمەش مافی یەكسانمان هەیە، ئەوا ئەوانەن کە كێشەی قووڵیان هەیە و دەبێ چارەسەر بكرێت.
پێشمەرگە بەشێكی گرنگ و دانپێدانراوە لە دەستووردا، كەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بەردەوامبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دروست بكات. بۆیە هەر چەكێك كە هێزی پێشمەرگە خاوەندارێتی بكات، بە مانای بەهێزبوونی سیستەمی بەرگریی عێراق دێت، ئەوەی بە پێچەوانەی ئەمە بیر بكاتەوە، بە عەقڵیەتی شۆڤێنیی رەگەزپەرستانە بیر دەكاتەوە و پێموانییە بە هیچ جۆرێك لە خزمەتی گەل و خاكی عێراقدا بێت.
العربیە: كەسانێك هەن كە مەترسیی ئەوەیان هەیە کە هەرێم بە یەکپارچەیی نەمێنێتەوە، هەندێك دەڵێن كە هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە، لەوانەیە ببێتە دوو ئیدارە نەك یەك؟
سەرۆکی حکومەت: لەسەر چ بنەمایەك ئەم قسەیە دەکەن؟
العربیە: ئەگەر ناكۆكییەكان بەردەوام بێت، یەكێتی چەندین جار لێدوانی داوە كە بێزارن لە پرۆسەی ئیدارەدانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان؟
سەرۆکی حکومەت: ناكرێ ئێمە میزاجی كەسیی وەك پێوەرێك بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان وەربگرین، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە و دابەش نابێت و یەك هەرێمە. هیچ لایەنێكی سیاسیش ناتوانێت بە تەنها بڕیارێكی ئاوا دەربكات. ئێمە بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردنێکی نوێ دەچین و گەلی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئەوە هەڵدەبژێرێت كە کێی دەوێت، ئایا ئەم گەلە پشتیوانی لە دابەشكردن و خۆبەدەستەوەدان و وێرانكردن دەکات یان بونیادنان و پێشكەوتن؟
العربیە: لێدوانێكی بەناوبانگی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە كە چیاكان دۆستی كوردانن، ئەمڕۆ جگە لە چیاكان، كێن دۆستەكانی كورد؟
سەرۆکی حکومەت: هیوادارم ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆستمان زیاتر بێت، بازنەی دۆستەكانمان فراوانتر بێت، هیوادارم هەموو ئەوانەی كە باوەڕیان بە دیموكراسیەت و دادەپەروەری و حوكمەكانی دین هەیە، ئەگەر موسوڵمانن، دۆستمان بن، چی ڕێگرە؟ هەیە دۆستایەتی ڕەتكردووینەتەوە بەهۆی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی یان بەهۆی تێنەگەیشتن یان رەتكردنەوەی ئەوەی تر.
هیوادارم ئەم عەقڵیەتە كۆتایی بێت و بازنەی دۆستەكانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر ببێت. سوپاس بۆ خوا زۆر دۆستمان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی كەنداو و كۆی وڵاتانی ناوچەكە هەیە، پێموایە ئێستا دۆستمان زۆرە.
العربیە: پێتوایە كە عێراق پێویستی بە گەڕانەوە بۆ سازانی سیاسی هەیە كە پرۆسەی سیاسی لە ساڵی 2003وە لەسەری بنیات نراوە و چەند ساڵێكە بەرەو پشتگوێخستن دەچێت؟
سەرۆکی حکومەت: بێگومان، عێراق وڵاتێکە لە چەندین پێكهاتەی جیاواز دروست بووە، پێویستە بە شەراكەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێكهاتەكان ئیدارە بدرێت و هاوسەنگی لە دەسەڵات هەبێت و بڕیارەكانیش بە سازان لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان بدرێن، ئەمە بنەمایە بۆ حوكمێكی دروست لە عێراق، (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) بنەمان بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.
العربیە: هەرێمی كوردستان ئارامە، زۆر لە عەرەبەكان كاتێك داعش هێرشی كرد، هاتنە هەرێمی كوردستان، كامانەن گرنگترین پرۆژەكانی ئابووری و وەبەرهێنان كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانی عێراق كاریان لەسەر دەكەن؟
سەرۆكی حكومەت: دوای ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی كابینەی حكومەتم پێ سپێردرا، هەوڵێكی جددیم دا بۆ ئەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین، ئێمە تەنیا پشت بە وزە یان نەوت و غاز نابەستین وەك تاكە سەرچاوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵکوو هەوڵمان داوە كە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی پێش بخەین، هەروەك كارمان لەسەر پێشخستنی كەرتەكانی پەروەردە و فێركردن و تەندروستی كردووە. هەموو ئەوانە بە ئامانجی فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات و زیادكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە كە پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت. ئەمانە ئەو كەرتانەن كە سەرنجمان خستوونەتە سەر.
هەروەها زۆر چاكسازیمان كردووە كە گرنگترینیان ئەوەیە لە سیستەم و خزمەتگوزارییەكاندا پشت بە شێوازی ئەلیكترۆنی ببەسترێت، هەروەها سیستەمی بانكیش بۆ ئەلیكترۆنی بگۆڕدرێت، لەگەڵ ڕێكخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لە لایەن وەزارەتەكانەوە پێشكەش دەكرێن و خەرجییە حكومییەكان كەم بكرێنەوە و كارەكانی حكومەت دووبارە ڕێك بخرێنەوە بە شێوەیەكی زانستی لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی دروست. ئەمانە ئەو كارانە بوون كە هەنگاوی زۆر باشمان بۆ ناون و دەستكەوتیشمان هەبووە، بەڵام هێشتا ئێمە بە قۆناخی دوایی نەگەیشتووین.
العربیە: دەوڵەتی سەرۆك وەزیران، چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ شانشینی عەرەبیی سعوودی هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەك دەزانن ئەمڕۆ كونسوڵخانەی سعوودییە لە هەرێمی كوردستان هەیە و پاشكۆی بازرگانیی سعودییە لە هەرێمی كوردستان هەیە و هەروەها سێ ملیار دۆلار لە لایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعوودییەوە بۆ عێراق تەرخان كراوە و چاوەڕوان دەكرێت سەردانێك هەبێت لە لایەن وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی كار، چین ئەو هەلە بازرگانییانەی كە دەكرێت لەگەڵ شانشینی عەرەبیی سعودی بڕەخسێندرێن و چۆن پەیوەندییەكەتان لەگەڵیان هەڵدەسەنگێنن؟
سەرۆكی حكومەت: بێگومان سعودییە یەكێكە لە وڵاتە هەرە گرنگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكی بەهێز و مێژووییمان بە شانشین و گەلی سعودییە و خانەوادەی شاهانە هەیە و ئێمە زۆرمان پێ خۆشە كە ئەو پەیوەندییانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر بچن.
بوونی ئەوان و بوونی كونسوڵخانەی گشتیی شانشینی عەرەبیی سعودییە لە هەرێمی كوردستان ئاماژەیە بۆ بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێم و شانشین، بە تایبەتیش لەبارەی ئەوەی باست كرد لەسەر تەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ بەهاناوەچوونی عێراق، هیوا دەخوازین هەرێمی كوردستانیش پشكی لەم بڕە هەبێت و ئێمە ویستی ئەوەمان هەیە كە ئەو پەیوەندییە بەهێزه پێش بخەین و چاوەڕێی سەردانی هەر شاندێكیش دەكەین كە لە شانشینەوە بێت و بە دڵنیاییەوە ئێمە زۆر بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەكەین و ئێمە حەز دەكەین كە پەیوەندییەكانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر بچن.
العربیە: كامانەن ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە ئامانجتان لێی ئەوەیە سەرەنجی دەرەكییان پێ ڕابكێشن؟ گرنگترین ئەو پرۆژانەی كە دەتانەوێ بۆ وەبەرهێنەران بێت کامانهن؟ ئایا یاسای وەبەرهێنانتان ڕاكێشەری وەبەرهێنەرانە؟
سەرۆكی حكومەت: زۆر بوار هەن كە وەبەرهێنەران دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، بۆ نموونە لە كەرتی كشتوكاڵیدا پێگەیەكی زۆر گرنگ و سرووشتێكی باشمان هەیە بۆ زۆر لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان. نموونەیەكی سادەت بۆ باس دەكەم، لە سەرەتای دروستكردنی ئەم كابینەیەدا بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان گەیشتبووە 520 هەزار تەن، بەڵام بە بایەخدانی زیاتر بەو بوارە، ئەمڕۆ زیاتر لە 650 هەزار تەن بەرهەم دەهێنین و بەشێكی بۆ دەرەوە هەناردە دەكەین، ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی گەنم و برنج و سەوزە و میوە. ئێمە هەم خۆمان سوودی لێ دەبینین، هەم دەكرێ بۆ ناوچەكانی تری عێراق، جگە لەوەی ئێمە هەناردەكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانمان بۆ وڵاتانی دونیا و بە تایبەتیش وڵاتانی كەنداو دەست پێكردووە كە وڵاتانی كەنداو دەرگای خۆیان بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكانمان كردووهتەوە تاوەكوو بۆ ئەوان و وڵاتانی عەرەبی هەناردەی بكەین، هەروەك دەستیشمان بە هەناردەكردنی بەرهەمەكانمان بۆ ئەورووپا و هەموو وڵاتانی دونیا كردووە و هیوادارین ئەم دەرگایە فراوان بكرێت.
هەروەها بواری دیكەش هەن وەك كەرتی پیشەسازی، هەرێمی كوردستان لە كانزاكان دەوڵەمەندە و دەكرێ وەبەرهێنان لەو بوارەدا سەركەوتنی تێدا بەدەست بهێندرێت، ئەمەش سوود بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دەگەیەنێت.
یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی زۆر باشە و بەرژەوەندیی وەبەرهێنەر ڕەچاو دەكات، بۆیە بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان زۆرن و ئێمەش هەموو هەوڵێكمان خستووهتە گەڕ بۆ ئەوەی هەست بە ئەمان بكەن و متمانەیان بەرانبەر بە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەبێت. حكومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی وەبەرهێنەران، هیوادارین ئەوانیش لەو ماوەیەی لێرەدا ئیش دەكەن، مورتاح بن و دڵنیا بن لەوەی كە پشتیوانیی حكومەتیان لەگەڵدایە.
العربیە: بەشێك لەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبێتەوە، گەندەڵییە، ئایا توانیوتانە بەسەر ئەو دیاردەیەدا زاڵ بن؟
سەرۆكی حكومەت: هەروەكوو باسم كرد یاسای وەبەرهێنانمان هەیە، تێیدا هەموو ڕێنمایی و ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە وەبەرهێنەری تێدایە، ناتواندرێت بە هیچ شێوەیەك گەندەڵی و بەرتیل ڕێگەپێدراو و قبوڵکراو نییە. ئێمە هەموو هەوڵێكمان خستووهتە گەڕ بۆ ڕێگەگرتن لەپێش هەر ڕەفتارێكی نایاسایی كە لە دەرەوەی یاسای وەبەرهێنان بێت. ئەگەر هەر وەبەرهێنەرێك هەر بەڵگەیەكی هەبێت كە بیسەلمێنێت مامەڵەكردن لەگەڵیدا تەندروست نەبووە، حكومەت ئامادەیە پێداچوونەوە بەو بابەتە بكات و پشتیوانی دەكات بۆ ڕێگەگرتن لە گەندەڵی. ئێمە پێداگرین لەسەر چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڵام بابەتەكە بەو ئاسانییە نییە و ناتواندرێت ئەم كێشەیە بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر بكرێت. شتێكی ئاساییشە كە ئێمە هەموو ئامانجەكانمان بەدی نەهێنابێت، بەڵام لانی كەم ڕێگەمان نەداوە بە بەردەوامبوونی گەندەڵی و تا ئاستێكی زۆر گەورەش بەرەنگاری بووینەتەوە و شەڕی گەندەڵیمان كردووە و كەمتەرخەمیش لە هیچ هەوڵێك ناكەین بۆ داخستنی ڕێگە بە ڕووی گەندەڵیدا.
العربیە: تا چ ئاستێك هێرشەكانی توركیا و هێرشەكانی ئێران و هێرشی میلیشیاكان كاریگەرییان لەسەر بابەتی ڕۆیشتنی وەبەرهێنەر و گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان هەبووە؟
سەرۆكی حكومەت: زۆربەی ئەو ناوچانەی كە ڕووبەڕووی پرۆسە سەربازییەكان دەبنەوە، ناوچە سنوورییەكانن كە بە جوانترین ناوچە لە ڕووی سرووشتییەوە لە هەرێمی كوردستان دادەنرێن. دەمەوێ ئەوەتان وەبیر بێنمەوە كە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن، گوندەكانیان ڕووبەڕووی وێرانكاری بوونەوە، لەو ماوەیەشدا 4500 گوند وێرانكران. بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە هەموو ئەو گوندانە ئاوەدان بكەینەوە، بەهۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییانەی كە ئەمڕۆ دەیانبینین. زۆربەی دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاژەڵدار و جووتیارن، ئەوان ناتوانن جارێكی دیكە بچنەوە گوندەكانیان و سوود لە زەوییەكانیان یان لە سرووشتی ئەو ناوچانە وەربگرن.كەرتی كشتوكاڵی لە هەموو كەرتەكانی تر زیاتر لە ناوچە سنوورییەكان زەرەرمەند بووە، چونكە زۆر لە ناوچەی سرووشتیی جوان لەخۆی دەگرێت، هیوادارم بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناوچانە و ئاشتی و ئارامیشی بۆ بگەڕێنینەوە و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكان كۆتاییان بێت و ڕێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەروەریی عێراق بگیرێت و ئێمە بتوانین وەبەرهێنەرانیش بگەڕێنینەوە بۆ ئەو شوێنانە تا وەكو پێویست كاری تێدا بكەن.
العربیە: ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی كە لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەگیرێنە بەر، وەك دەزانن هەزاران گەشتیاری عەرەبی پارێزگاكانی دیكەی عێراقتان هەیە، ئایا هیچ بڕیارێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانە تاوەكوو ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بێنە ناوەوە؟
سەرۆكی حكومەت: بێگومان زۆر پلانمان هەیە بۆ ئەوەی ئاسانكاریی زیاتر بكەین، سەرەڕای سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا تاوەكوو ئەو كەسەی دێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە، بتوانێت بەوپەڕی ئاسانییەوە لە ڕێگەی دەروازە فەرمییەكانەوە بێتە ناوەوە، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێت كە ئێمە ناتوانین بابەتە ئەمنییەكان و ئاسایشی ناوچەكەمان لەپێناو شتی دیكە بكەینە قوربانی.
هەموو ئەوانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، هۆكاری خۆیان هەیە، ئەوان دێنە هەرێمی كوردستان بەهۆی سەقامگیریی ئاسایشەكەی. ئەوان هەرێمیان خۆش دەوێت و بە تەواوی متمانە و دڵنیاییەوە لە هەرێمی كوردستان هاتوچۆ دەكەن، بۆیە وەك گوتم، ئێمە نامانەوێ ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و گەشتیارانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی تر، بكەینە قوربانیی شتەكانی دیكە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك كە خزمەتگوزاری ئاسان دەكات بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای سەردەم، هەروەها زۆر پلانمان لەمبارەیەوە هەیە و بە كردەییش دەستمان بە جێبەجێكردنی هەندێكیان هەیە و ئینشائەڵا لە جێبەجێكردنی ئەوەی ماوەش بەردەوام دەبین.
العربیە: ژێرخانی هەرێمی كوردستان بەرگەی وەبەرهێنان و گەشتیاران دەگرێت؟، لە كاتی هاتنم بۆ ئێرە بینیم كە بایەخ بە دروستكردنی بەنداو دەدەن، بۆچی هەموو ئەو بایەخدانە؟
سەرۆكی حكومەت: ئێمە هەست بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەكەین، ڕاستە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە وڵاتانی دیكە كەمتر زەرەری بە ژینگەی جیهان گەیاندووە، بەڵام عێراق لە هەمان كاتدا لە ڕێژەی پێنجەمیندا دێت لە ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەی كە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زیانمەند بووە. بۆیە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دەبێت ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە كردەیی دەستمان بە هەنگاونان لەمبارەیەوە كردووە، لە هەندێك وەرزدا ڕێژەی بارینی باران و بەفر زیاتر دەبێت، ئێمە هیوا دەخوازین لە ڕێگەی ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتە بەر، بە دروستكردنی زۆر بەنداو، سوود لەو ئاوە وەربگرین كە پێشتر بەهەدەر دەچوو، بتوانین كۆی بكەینەوە تاوەكوو لە بوارەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵیدا بەكار بهێندرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان. ئەمە بەشێكی گرنگی پلانەكەمانە، بەڵام بەشەكەی دیكە لە كەرتی گەشتیاریدا كورت دەكرێتەوە، ئەم بابەتەش سوود بە هەمووان دەگەیەنێت، چونكە هەر كەسێك كە دەچێتە هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، مەبەستم زۆرتر لە وەبەرهێنەرانە بە شێوەیەكی تایبەت، دەبینێت كە ژینگەیەكی زۆر گونجاو بۆ گەشتوگوزار و ژینگەیەكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان هەیە.
العربیە: كەرتی بانكی، ئایا بایەختان بەم كەرتە داوە؟ ئەمڕۆ كاتێك وەبەرهێنەر دێت، لە بانكێكی بەهێز دەگەڕێت كە بتواندرێت سەرمایەکەی بپارێزرێت، ئایا بیرتان لەم هەنگاوە كردووهتەوە و كارتان لەسەر كردووە؟
سەرۆكی حكومەت: بەڵێ بەداخەوە تا ئێستاش ئابووریی عێراق پشت بە پارەی كاش دەبەستێت و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات .بەڵام ئێمە کارمان لەسەر بەئەلیكترۆنیکردنی بانكەکان کردووە. لە هەرێمی كوردستاندا، پێش ماوەیەك هەڵمەتێكمان ڕاگەیاند بۆ پرۆژەی (هەژماری من) تاوەكوو هەموو هاووڵاتییەك ئەگەر فەرمانبەر بێت یان لە كەرتی تایبەت بێت، هەژماری تایبەتی خۆی هەبێت، ئەم بابەتەش سوودی زۆرە، چونكە زۆر خزمەتگوزاری و ئاسانكاری پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكات، لەنێویاندا قەرز. هەروەها گەرەنتیی شەفافیەت دەكات و دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە گەندەڵی و نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە، لە ڕووی خزمەتگوزارییەكان و تێكەڵبوون لەگەڵ بازاڕەكانی جیهانیش ئاسانکارییەکی زۆر دەکات. ئێمە بیرمان لە هەموو ئەم بابەتانە كردووهتەوە، داوامان لە هەموو ئەو بانكانە كردووە كە مۆڵەتیان لە بانكی ناوەندیی عێراقی هەیە، بەشداریی لەم پرۆژەیە بكەن. زۆر بانك لە عێراق لەم پرۆژەیە بەشدارییان كردووە، داوامان لە هەموو ئەوانە كردووە كە تێبینی و ڕەخنە و كێشەیان نییە، كە بەشداری لە پێشخستنی كەرتی بانكی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بكەن.
العربیە: دەوڵەتی سەرۆك، پەیامی تۆ بۆ وەبەرهێنەرانی عەرەب و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و گەشتیاران چییە ئەگەر حەز بكەن بێنە هەرێمی كوردستان؟ ئایا ئاسانكاری هەیە بۆ پرۆسەی پێدانی ڤیزا؟
سەرۆكی حكومەت: ڤیزا لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەلیكترۆنی دەدرێت، هەر كەسێك دەتوانێت ئەو ڤیزایە بەدەست بهێنێت و بە ئاسانترین شێوە و لە ماوەیەكی زۆر کەمدا، بۆیە داوا لە هەمووان دەكەم لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دۆست و وڵاتانی دونیا، بێن سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئێمە وڵاتێكی جوان و گەلێكی میواندۆستمان هەیە، ئێمە چاوەڕێیان دەكەین تاوەكوو چێژ لە جوانیی سرووشت لە هەرێمی كوردستان وەربگرن و بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی ئەم هەرێمە و لە بونیادنانی ئەم هەرێمە بكەن، تا ببێتە وڵاتی دووەم بۆ هەموو ئەوانەی كە نیازی برایەتی و دۆستایەتییان لەگەڵ ئێمەدا هەیە.
العربیە: ئایا پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانیتان لە ناوچە چیاییەكان هەیە؟
سەرۆكی حكومەت: بەڵێ زۆر پرۆژەی گەورەمان هەیە، تۆ باست لەوە كرد كە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ئاستی داواكراو نەبووە، بەڵام ئێمە هەنگاوی جددی و گرنگمان ناوە بۆ دووبارە بونیادنان و زیندووكردنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
كێشەی ئاو كێشەیەكی جددییە، لەم ڕووەشەوە دەستمان بە زۆر پلان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، پێش چەند ڕۆژێك بەردی بناخەی دوو پرۆژەی ئاویی زۆر گرنگمان دانا كە بەشداری دەكەن لە كۆتاییهێنان بە كێشەی کەمئاویی هەولێر بۆ ماوەی سی ساڵی داهاتوو. هەروەها هەمان پرۆژەمان بۆ شارەكانی دیكە هەیە. هەروەك پرۆژەی زۆرمان هەیە تایبەت بە دابینكردنی وزەی كارەبا بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان، هەروەها زۆر پرۆژەی جیاوازمان لە ناوچە چیاییەكان هەیە. بەڵام هەر ناوچەیەك لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناوچە هەیە دەتواندرێت لە كەرتی گەشتوگوزار سوودی لێوەربگیرێت، هەندێكیشیان بۆ پیشەسازی، ناوچەی دیكەش هەن كە دەتوانین لە بواری كشتوكاڵیدا سوودیان لێوەربگرین.
ئێمە ڕەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەكان دەكەین، بۆیە پرۆژەكانمان و بایەخدانێكی تایبەتمان لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانە پێداون. ناوچە چیاییەكانیش بە هەمان شێوە پشكیان لە وەبەرهێنانەكان هەیە، چونكە ناوچەی ڕاكێشەری گەشتیارن، پرۆژەی گەشتیاریی زۆر گەورەمان هەیە كە لەم نزیكانەدا ڕایدەگەیەنین، بە تایبەتیش لە سۆران و بە دیاریكراویش لە گەلی عەلی بەگ، ئەو پرۆژەیەش دەبێتە یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
العربیە: زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک وەزیران.