” هەركەس ئەم كارە بكات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە”
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەری (باسنیوز) تیشكی خستۆتەسەر پلانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستی ئارامی و ئاسایشی رۆژانی بانگەشە و رۆژی هەڵبژاردن.
رێبەر ئەحمەد لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە “پلانێكی تۆكمە دادەنێن بۆ ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی بانگەشەیەكی ئارام لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەئارامی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.”
رێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند: “تا ئێستا لیژنەی باڵای ئەمنیی، بۆ ئەو مەبەستە دوو كۆبوونەوەی كردووە و بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی دیكە دەكرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی گشتی تەواوی ئەو ڕێكار و ڕێنوێنییانەی كە پێویستە هەموو لایەنەكان ڕەچاوی بكەن، بڵاو بكرێتەوە”.
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد: “كاندیدی حزب و قەوارە سیاسییەكان، مافی ئەوەیان نییە بە چەكەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و بڕۆنە ناو خەڵكەوە، هەر كەسێكیش لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕۆژەكانی دەنگدان چەك هەڵبگرێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە”.