بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگار و به‌رپرسانی یه‌كه كارگێڕییه‌كانی ناوەند و سنووری پارێزگاكه‌دا كۆبووه‌وه.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخ و ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بنیاتنان، به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدان و چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی كار و پرۆژه‌كان له پارێزگای هه‌ولێر و قه‌زا و ناحیه‌كانی، تاوتوێكران، هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر گرنگی دابینكردنی پێداویستییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كه‌موكوڕییه‌كان.
هەروەها لای خۆشییەوە نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه و هه‌موو پشتگیرییهكیشی بۆ سه‌رخستنی كارگێڕی هه‌ولێر له‌پێناو باشتر خزمه‌تكردنی هاوڵاتییاندا ده‌ربڕی.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ئاماده‌كارییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوە، لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی داكۆكی له گرنگی سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونی شارستانییانه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كرده‌وه و ئاماژه‌شی به رۆڵی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.