مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی بەكارهێنەری گرووپی (مەلەفە زەخمەكان ) ی هەژماری (دادە تیك تۆك) ی ڕاگەیاند .
لە ڕاگەیاندراوەكەی ئاسایشی هەولێر هاتووە “دوای سكاڵای چەند هاووڵاتییەك لەسەر هەژماری (دادە تیك تۆك) كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی لە چەند كەسێك كردبوو، بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بە ڕێگای تیمی تەكنیكی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون توانیمان شوێن و ناسنامەی بەكارهێنەری (دادەتیك تۆك) ئاشكرا بكەین كە بە ناوی (م ، هـ ، م) ،دەستگیرمان كرد.”
ئاسایشی هەولێر ئاشكراشی دەكات لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار، دەركەوت كە ئەم كەسە خاوەنی گرووپی (مەلەفە زەخمەكان)ە، لە تۆڕی (تێلێگرام) و خاوەنی هەژماری (شۆخان) لە سناپچات.”
دەشڵێت “ئەو تۆمەتبارە، لە بەر ئەوەی كەسێكی شارەزایە لە بواری تەكنیكی و لە شێوازی گفتوگۆكردندا توانیوێتی دەنگی خۆی بۆ ئافرەت بگۆڕێت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی چەند پیاو و ئافرەتی تۆمار كردووە و لەبەرامبەر بڵاو نەكردنەوەی وێنەكانیان بڕێكی زۆر پارەی وەر گرتووە.”