مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان – ئەپیكور، داوا دەكات بە زووترین كات هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە .
ئەمڕۆ یەكشەممە 22ـى ئەیلوول، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان – ئەپیكور ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و داوا دەكات هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – توركیا دەست پێ بكاتەوە.
ئەپیكور لە ڕاگەیاندراوەكەی دا ئامادەیی ئەندامانی نیشان داوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت و هەقدەستی پێشوو و داهاتووی كۆمپانیاكان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگانییەكانیشیان بپارێزرێن.
كۆمەڵەكە لێدوانەكانی ئەم دوایەی سەرۆكوەزیرانی عێراق وەك هاندانێك دەبینیت كە تاوەكوو كۆتایی ئەم ساڵ هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە.
24ـى ئەیلوول، وا بڕیارە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەپیكور خوازیارە كە حكومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كێشە هەڵپەسێرراوەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و بە زووترین كات پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكاتەوە .