مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە هۆی تەقینەوەیەك لە پارێزگای خوراسانی ئێران، 19 كەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 60 كەسیش بریندار بوون .
ئاژانسی ئیرنا-ی ئێرانی بڵاوی كردەوە “كاتژمێر 8 و نیوی شەوی ڕابردوو، تەقینەوەیەكی بەهێز لە یەكێك لە كانە خەڵووزییەكانی باشووری پارێزگای خوراسانی ئێران ڕوویدا و بەو هۆیەوە 19 كرێكار گیانیان لە دەستدا و 69 دیكەش بریندار بوون و بەشێك لە كرێكارەكانیش تا ئێستا لەژێر داروپەردووی كانە ڕووخاوەكەدا گیریان خواردووە.”
ئیلیا حەزرەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی زانیاری حكومەتی ئێران، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی بڵاو كردەوە و هۆكاری تەقینەوەكە ئاشكرا دەكات “شەوی ڕابردوو بە هۆی دزەكردنی گازی میتان، تەقینەوەكە ڕوویداوە و كۆمەڵێك كرێكاری ماندوونەناس گیانیان لەدەستدا و هەندێكیشیان برینداربوون.”
بەپێی ئامارەكان، ساڵانە ئێران 3.5 ملیۆن تۆن خەڵوز لە كانەكانی خەڵووز بەرهەمدەهێنێت و بەشی زۆری بۆ ناوخۆ بەكاردێنێت و بەشێكی كەمیشی هەناردەی دەرەوە دەكات، لەهەمانكات ساڵانە چەندین كرێكار بە هۆی تەقینەوەى كانەكان لهم وڵاته دەبنە قوڕبانی .

































































