زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆك بارزانی، بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێێدا دەڵێت: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، جەختكردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەكان و كولتووری پێكەوەژیان.
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی :
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، جەختكردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەكان و كولتووری پێكەوەژیان لەناو كۆمەڵگەی كوردستانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد.
هەمیشە ئەو چاوەڕوانیەم لە زانایانی ئایینی و مامۆستا بەڕێزەكان هەیە، ڕۆڵی كاریگەری خۆیان لە بەهێزكردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها مرۆڤییەكان و تەبایی و پێكەوەژیان و هۆشیاركردنەوەی جەماوەر بگێڕن.
































































