محەممەد مەحموود- رواندز:
لە سەر راسپاردەی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە قەزای رواندزو دۆڵی ئاکۆیان رێگای گوندی سەران بە درێژایی ١٢ کیلۆ مەتر قیڕتاو دەکرێت و کۆڵانەکانی ئەو گوندەش کۆنکرێت دەکرێن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” رەزامەندیمان داوە بە گوژمەی ١٠٠ ملیۆن دینار، رێگای گوندی سەران قیڕتاو دەکرێت و کۆڵانەکانی ناو گوندیش کۆنکرێت دەکرێن”.
گوندی سەران دەکەوێتە دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز، لە دوای ساڵی ٢٠١٠ رێگای گەیشتنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو گوندە دروستکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی قیڕتاو نەکرا بوو بەشی زۆری رێگاکە تێکچوو بوو، دانیشتووانی ئەو گوندەش بەردەوام داوای چاککردنی رێگاکەیان دەکرد، لە ئێستادا لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رەزامەندی دراوە بۆ قیڕتاو کردنی رێگای ئەو گوندە.
هەر ئەمساڵ بە گوژمەی ٨٠٠ ملیۆن دینار رێگای بەشی زۆری گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان قیڕتاو کران، بەشێک لەو رێگایانەش بۆیەکەم جار بوو قیڕتاو بکرێن.