مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ئەنجامی هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت ی پایتەختی لوبنان 15 كەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 60 كەسی تریش بریندار بوون .
دوێنێ هەینی 20ـى ئەیلوول ی 2024، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی جەموس لە باشووری بەیرووت كردە ئامانج.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕاگەیاند “لە ئەنجامی هێرشەكەدا 15 كەس گیانیان لەدەستداوە و 66 كەسیش بریندار بوون.”
هاوكات بەرگری شارستانی وڵاتەكەش دەشڵێت “تیمەكان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای كەسانی ونبو لە ژێر داروپەردودا.”
بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی، كوژرانی دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەكەی لە هێرشەكەدا ڕاگەیاند .
ئەمڕۆ شەممە 21ـى ئەیلوول بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیاندراوێكدا كوژرانی (ئیبراهیم عەقیل) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەربازی و فەرماندەی هێزی ڕەدوانی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری بەیرووتی پایتەختی ئەو وڵاتەكە پشتڕاستكردەوە و ڕاگەیاند “جگە لە عەقیل، فەرماندەیەكی ترمان بە ناوی ئەحمەد مەحموود وەهبی و 12 ئەندامی دیكەمان لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە.”
هێرتس هالێڤی، سەرۆكی ئەركانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەكەیان قسەی بۆ میدیایی ئیسرائیلی كردووە و دەڵێ “ئەو سەركردانەی حیزبوڵڵای لوبنانی لەناومان بردن، ساڵانێكە پلانیان هەیە بۆ زیانگەیاندن بە هێزەكانمان، بۆیە دەستمان دەگاتە هەموو ئەو كەسانەی كە هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییانی ئێمە دەكەن.”
هەمان ڕۆژی هێرشەكە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل گوتی “ئامانجەكانمان ڕوونن، و كردەوەكانمان بۆ خۆیان دەدوێن.”