هاوڕێی رەخنەگر ناتوانێت بڕیار بدات
هەڵسەنگاندنی دەرەكی لە 15ی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات
مستەفا دۆلەمەری-سۆران:
سەرپەرشتیاری یەكەی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، دەڵێ، هاوڕێی رەخنەگر هاوكارە و پاڵپشتی بەرێوەبەری قوتابخانەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی قوتابخانە و زیاتر فێربوون و فێركردن. دەشڵێ، كاركردن وەكو یەك تیم لە قوتابخانە ئەنجامی باشی دەبێت.
مامۆستا حیكمەت سەلمان، سەرپەرشتیاری یەكەی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” هاوڕێی رەخنەگر رۆڵێكی باڵای هەیە لەبەرەو پێشربردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركرد بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئاستە بەرزانەی كە لە ستاندەرەكاندا هەیە و بەپێی ئەو نوسراوەی كە لە وەزارەتی پەروەردە هاتووە هاوڕێی رەخنەگر بۆی هەیە دوو ساڵ سەرپەرشتی قوتابخانەیەك بكات، لە ساڵی سێیەم گۆڕانكاری بەسەردادێت و لە حاڵەتی پێویستیش سەرپەرشتیاری یەكەم بۆی هەیە گۆڕانكاری بكات، ئەگەر بۆ یەك ساڵیش بێت هاوڕێی رەخنەگر پاڵپشتە و هاوكارە لە پێدانی زانیاری، ئەوەش بۆ ئەوە نییە رەخنە بگرێت لە دەستەی كارگێری، چونكە كاری ئەو راوێژ كردنە نەك بڕیار دەدات لە جیاتی بەڕێوەبەر دەبێت هەماهەنگیەكی تەواو هەبێت ئەگەر ئەو برایەتییە لەنێوان سەرپەرشتیاری دەستەی رەخنەگر و دەستەی قوتابخانە هەبوو پڕۆسەكە پێش دەكەوێت.
سەرپەرشتیاری یەكەی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، گوتیشی:” قوتابخانەی سەركەوتوو ئەو قوتابخانەیە كە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتووی هەیە، زۆر قوتابخانەمان لەناو سنووری ئیدارەی سۆران هەن هیچ كێشەیەكیان نییە رۆژێك لە رۆژان بۆ كێشەیەك سەردانمان نەكردووە لەبەر ئەوەی بەرێوەبەرێكی سەكەوتووی هەبووە، هەر چەند سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگر زانابێت بتوانێت هەموو كێشەكان بخاتە سەر پەڕەیەك، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەرێكی زیرەكمان نەبوو، كاری دووەم و سێیەمی هەبوو ناتوانێت ئەو مافە بە كارەكەی بدات، بەڕێوەبەر تەواوی دەستەڵاتی پێ دراوە كە كاروبارەكانی خۆی بكات و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێی رەخنەگر هەبێت لەبوونی كێشەیەك و سەرپەرشتیار ناگاتە ئەو ئاستەی كە خزمایەتی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنێت، چونكە پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكە كە گەڵان پێی پێشدەكەون نەوەك یاری بە پڕۆسەی پەروەردە بكرێت و ئاستی چوار ئاستە نایابەكەیە و سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگر و بەڕێوبەری قوتابخانە هەردووكیان دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەن كە ئەوانەی ئاستی دووم و سێیەمیان هێناوە تێپەڕێنن بۆ ئاستی چوار بۆ ئەم مەبەستە دەبێت پلانێكیان هەبێت و داوامان لە وەزارەت كردووە ئەوانەی ئاستی چوارەمیان بەدەست هێناوە رێز و سوپاسیان پێ ببەخشرێت.
مامۆستا حیكمەت سەلمان، سەرپەرشتیاری یەكەی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، گووتیشی:” هەڵسەنگاندنی دەرەكی لە 15ی 11 دەست پێ دەكات، ئەو لیژنەی سەردانی قوتابخانە دەكات بەدوای بەڵگەكاندا دەگەڕێت، لە سنووری ئیدارەی سۆران 123 قوتابخانەی ئامادەیی هەن، لەو رێژەیە لە سۆران60 قوتابخانە هەیە، مێرگەسۆر 29 قوتابخانە و رواندز 14 و چۆمانیش 20 قوتابخانەی هەیە، ئاستی یەكەم نەبووە، بەڵام دوو قوتابخانەمان لە سۆران، یەكیش لە مێرگەسۆر و لە چۆمانیش سێ قوتابخانە ئاستی دووەمیان هەبووە، لە چوار پەروەردەكەی سنوورەكە چەند قوتابخانەیەك ئاستی چوارەمیان هێناوە، قوتابخانەی دواناوەندی رواندز، لە مێرگەسۆریش قوتابخانەی وڵاتژێر ئاستی چوارەمی هێناوە، دووبارەی دەكەمەوە كاركردن وەكو یەك تیم لە قوتابخانەكان ئەنجامێكی باشی دەبێت و سەركەوتنێكی زۆر باشیش بەدەست دەهێنێت”.