“لە ساڵی ١٩٨٨ باوكم و مامم، زۆر هاوكاری خەڵكی لێقەوماوی كۆمەڵگەی قوشتەپەیان كردووە، منیش ویستم ئەو كارە لەژێر سێبەری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دووبارە بكەمەوە”.
بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
هاووڵاتییەكی ڕواندز لەسەر ئەركی خۆی بە بڕی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار قوتابخانەیەكی ٩ پۆلی لە كۆمەڵگەی قوشتەپە دروست دەكات.
مامۆستا مەغدید خالد گەرەوەیی، ئەو هاووڵاتی و سەرمایەدارەی خەڵكی ڕواندز، كە لەسەر ئەركی خۆی قوتابخانەكە دروست دەكات بۆ زاری كرمانجی گووتی: ”ئەو قوتابخانەیەی لە كۆمەڵگەی قوشتەپە دروستی دەكەم ٩ پۆلییەو لە دوو نهۆم پێكهاتووە، پێشبینی دەكەم ٥٠٠ تا ٦٠٠ هەزار دۆلار خەرجی بووێت”.
زیاتر گووتی: ”پێشتریش نزیكەی ١٥ قوتابخانەم لەسەر ئەركی خۆم نۆژەن كردوونەتەوە، هەروەها هاوكاری دارایی یانە وەرزشییەكان و پەروەردەكانیشم كردووەو بەردەوام كەلوپەلی پێویستم بۆ قوتابخانە حكومیەكان دابینكردووە”.
لەبارەی بەرنامەی داهاتوویی و هاوكارییەكانی بۆ سێكتەری پەروەردە، ئاماژەی بەوەكرد، ”بەرنامەم هەیە لە ئایندە ئەگەر خودا تەمەن بدات، تا دەتوانم و توانام هەیە قوتابخانە دروست دەكەم”.
سەبارەت بەوەی كە بۆچی كۆمەڵگەی قوشتەپەی هەڵبژاردووە بۆ دروستكردنی ئەو قوتابخانەیە، مامۆستا مەغدید خالد روونیكردەوە، ” لە ساڵی ١٩٨٨ كاتێك بارزانییەكان راگوێزران بۆ كۆمەڵگەی قوشتەپە، باوكم و مامم، زۆر هاوكاری خەڵكی لێقەوماوی ئەو كۆمەڵگەیان كردووە ، منیش ویستم ئەو كارە لەژێر سێبەری كابینەی نۆیەم و دەسەڵاتی كاك مسرور بارزانی، دووبارە بكەمەوە، وە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان بۆمن هیچ جیاوازییان نییە”.