موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” دوای چەندین جار پێشكەشكردنی داواكاری بۆ چارەسەر كردنی گرفتی ئاوی سەرەكی قەزای سیدەكان، خۆشبەختانە ڕەزامەندی نیشاندرا بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەیەك و بە تەواو كردنی گرفتی شێلووبوون چارەسەر دەبێت.
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:”بە گووژمەی نزیكەی 20 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، فلتەرێك بۆ سەرچاوی ئاوی خواردنەوەی سیدەكان دادەندرێت و دیوارێك بە بە بەرینی چوار مەتر و درێژی 25 مەتر دروست دەكرێت، ئەمەش وادەكات رێگری بكرێت لە پیس بوون و شێلوو بوونی ئاوی خواردنەوە .
زیاتر گووتی:” ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی سیدەكان لە نزیك كوێستانی بەربزین سەرچاوە دەگرێت، بە بۆری شەش ئینج دەگیندرێتە زیاتر لە هەزار دانیشتووی سەنتەری قەزای سیدەكان و دوو رۆژ جارەك ئاویان بەسەر دابەش دەكرێت .
گووتیشی:” لە هاوینان و كاتێك ئاو كەم دەبێت ناچارین بەشێك لە ئاوی رووباری تێكەڵ بەسەرچاوەی ئاوی كانیاوەكە بكەین، بۆیە حەوزێك بۆ ئاوی رووبار دروست دەكرێت بۆ پاككردنەوە و نیشتنەوەی خۆڵ و خاشاك و پاككردنەوەی دواتر تێكەڵی ئاوی سەرەكی دەكرێت، بەمەش شێلوو بوونی ئاو زۆر كەم دەبێتەوە.