زاری كرمانجی – سۆران :
باڵوێزخانەی ئێران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ڕوونكردنەوەی لەبارەی ئەو دەنگۆیە بڵاو كردەوە كە باس لەوە دەكات، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە لاسلكییەكەوە كە باڵوێزی ئێرانیش یەكێك بوو لە بریندارەكان، چاوی لەدەست داوە.
ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە هەواڵێكدا رای گەیاندبوو كە موجتەبا ئەمانی، باڵوێزی ئێران لە لوبنان بەهۆی تەقینەوەی ئامێری (پەیجەرس)ەوە چاوێكی لەدەست داوە و تووشی زیانێكی تەندروستیی زۆریش بۆتەوە.
لە لایەن خۆیەوە پەیجی باڵوێزخانەی ئێران لە لوبنان، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ئەو دەنگۆیەی رەت كردەوە و رای گەیاند كە چارەسەركردنی باڵوێزەكەیان بە شێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت و ”ئەو دەنگۆیانەشی لەبارەی بارودۆخی جەستەیی و چاوی بڵاو دەكرێنەوە، ڕاست نین.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2024، هەزاران ئامێری بێتەل كە لە لایەن حزبوڵای لوبنانەوە بەكار دەهێندران، لە تەواوی لوبنان و بەشێك لە ناوچەكانی سووریا لە یەك كاتدا پێكەوە تەقینەوە و بەهۆیەوە هەزاران كەس بریندار بوون و ژمارەیەكی گیانیان لەدەست دا.