زارى كرمانجي :
دوێنی یەكشەممە ١٦ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە ئامادەبوونی لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەت، لەگەڵ ڕاوێژكارانی وڵاتی هۆڵەندا و تیمێكی پسپۆری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تاووتوێی چەندین بواری گرنگی كشتوكاڵی كرا، لەوانەش:
١- پڕۆسەی بەبازاڕكردن و بە براندكردنی بەروبوومە ناوخۆییەكان كە بۆ ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە وەكو براندێكی كوردی دەگاتە بازاڕەكانی ئیمارات و لە ئێستادا ئامادەكارییەكان لەڕووی كوالیتی و لۆجستی ئامادەكراون.
٢- گفتوگۆكردن دەربارەی چۆنیەتیی پەسندكردنی پەیپەری نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و حكوومەتی هۆلەندا، بۆ ئەوەی كە خاڵ و بڕگە و ماددەكانی دوای پەسندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
٣- لەسەر بابەتی چارەسەركردنی كێشەكانی زەوی و زار، بۆ ئەوەی ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەمی جووتیاران و وەبەرهێنەران و خاوەنی پڕۆژەكان كەمبكرێتەوە. لە كاتێكدا كە دەیانەوێ سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان ئەنجامبدەن.
لە كۆتاییدا باس لە بابەتی بەبازاڕكردنی بەروبومە كشتوكاڵییەكان و رێكخستنەوەی شێوازی رێنمایی كشتوكاڵی و هاوكاریكردنی جووتیاران كرا، لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی كشتوكاڵی، بە مەبەستی نوێكاری و پەرەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵی.