مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گشتی لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس، بەشە خۆراكی مانگانە وەردەگرێت، بەڵام ساڵێك و شەش مانگە ناوی هیچ منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە فۆرمی خۆراك زیاد نەكراوە و هیچ بەشە خۆراكێكیان بۆ دابین ناكرێت و ماوەی دە ساڵیش دەبێت شیریان بۆ نەهاتووە، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك یش دەڵێ “لەو ماوەیەدا، دوو جار بە شێوەی كاتی تۆماركردن كراوەتەوە، بەڵام دواتر داخراوە و تا ئێستا نەكراوەتەوە.”
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك لە هەولێر، هۆكاری زیادنەكردنی ناوی منداڵانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە عێراق كار لە سەر بە ئەلیكترۆنی كردنی فۆرمی خۆراك دەكات و دەشڵێت ” دوای ئەوە هاونیشتمانییان دەتوانن هەر لە ماڵەوە لە ڕێگەی بەڵگەنامەكانەوە ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراك زیاد بكات یان مردوو بسڕێتەوە،” گوتیشی “لە ئێستادا ئەوەی دەكرێت تەنیا لابردنی ناوی مردووە، ئەویش دەكرێتە لیست و دەنێررێت بۆ بەغدا و لەوێ ناوەكە لا دەبەن.”
هاوكات دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراك لە هەولێر لەمبارەوە دەڵێ “بەڕێوەبەرایەتییەكی جیا كاری تۆماركردنی ناوی نوێ دەكات، ئەوەی بە ئێمە گوتراوە هۆكاری زیادنەكردنی ناوەكان، بە هۆی نوێكردنەوەی سیستەمە و پێ دەچێت تا كۆتایی ئەم ساڵ وەكوو خۆی بمێنێتەوە.”