مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی 3 كەسی ڕاگەیاند كە لە ژێر ناوی دەزگای خێرخوازییەوە دزییان لە خەڵكی كەمدەرامەت و بەساڵاچوو كردووە .
لە ڕاگەیاندراوەكەی پۆلیسی هەولێر هاتووە “3 تۆمەتبار بە ناوەكانی (م. م. غ) و (م. ل. ع) و (ع. م. ق) دەستگیر كردووە كە چەندین هاووڵاتییان بە ناوی دەزگای خێرخوازییەوە هەڵخەڵەتاندووە،”
دەشڵێت “تۆمەتباران چەندین هاووڵاتیی پیر و بەساڵاچوو و كەمدەرامەتیان هەڵخەڵەتاندبوو و پارەیەكی زۆریان لێ دزیبوون، ئەوان دەچوونە ماڵی هاووڵاتییانی هەژار و كەمدەرامەت و پێیان دەگوتن كە دەزگایەكی خێرخوازی هاوكارییان دەكات و دەزگا خێرخوازییەكەش دەبەنە ماڵیان، بەڵام ئایا چەند پارەیان هەیە، دواتر فریویان دەدان و دەیانگوت بڕە پارەكە بشارنەوە با دەزگای خێرخوازی نەزانێت، بەڵام پاشان پارەكەیان لێ دەدزین و خۆیان دەشاردەوە.”
پۆلیسی هەولێر ئاشكراشی دەكات كە تۆمەتباران خەڵكی دەرەوەی شاری هەولێر بوونە و بە چەندەها شێوازی جیاواز خۆیان گۆڕیوە و بە ناسنامەی ساختەوە هاتوونەتە نێو شار بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان.”
تۆمەتباران هەر وەكوو پۆلیس باسی دەكات بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددە (444) لە یاسای سزادان دەستگیر كراون و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و دراونەتە دادگا.