”کارگەکە سێ جۆر قیر بەرهەم دێنێت و نابێتە هۆى پیسبوونى ژینگەى ناوچەکە”
زارى کرمانجى-سۆران:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سۆران، پڕۆژەی پیشەسازی (کارگەی قیڕو کەسارە )ى لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مۆڵەتى کارکردنى پێدا.
ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى وەبەرهێنانى سۆران بڵاویکردووەتەوە، ”پڕۆژەی پیشەسازی (کارگەی قیڕ و کەساڕە ) لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مۆڵەتی کارکردنی پێدرا، ئەمەش بەهۆی گرنگی و پێویستی ناوچەکە بە پڕۆژەیەکی پیشەسازی لەم شێوەیە کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی سەدان هەلی کارو پڕکردنەوەی پێداویستی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕۆژەکە بە ژمارە (١٣٩٣س) لەلایەن دلڤان عومەر بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران، مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێبەخشرا، کە تواناو جۆری بەرهەمەکانی کارگەکە پێکدێت لە بەرهەمهێنانی سێ جۆر قیڕ جۆری (ستالازر، بایندر، سیرفس)، کە هەریەکەیان توانای هەیە ساڵانە ٣٢٤ هەزار تەن بەرهەم بێنێت.
ئەوەشى روونکردووەتەوە، ”پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری نزیکەی ١١ دۆنم زەوى جێبەجێ دەکرێت، چەندان پێکهاتەی گرنگ لەخۆدەگرێت لەوانە (کۆگای قیڕ، کەساڕە ، تاقیگە، یەکەی چارەسەری ئاو، ناوچەی سەوزایی، کۆگای تێکەڵە، کۆگای مەوادی سەرەتایی، وێستگەی پڕکردنەوەی سوتەمەنی، ئاگرکوژێنەوە ) هەروەها پڕۆژەکە نابێتە هۆی پیسبوونی هەوای ژینگەی ناوچەکە.