زاری كرمانجی –بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی ئەو هەواڵانەی گوایە حەجی بازرگانی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیان لەلایەن سعوودیە بە دەست نەگەیشتووە لەبارەی هەبوونی پرۆسەی حەج بۆ ئەمساڵ.
لە ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە “چەند رۆژێكە لەلایەن هەندێ سایت و پەیجەوە بانگەوازی ئەوە دەكرێت كە حەجی بازرگانی بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هاووڵاتییان دەكەینەوە كە تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی لەلایەن سعوودیە بە دەستمان نەگەیشتووە سەبارەت بە هەبوونی پڕۆسەی حەج بۆ ئەمساڵ و هەر زانیارییەكیش هەبێت ئەوا بە شێوەیەكی فەرمی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاو دەكەینەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە خۆیان بە دوور بگرن لەم بانگەوازە بێ بنەمایانە و سامانی خۆیان بە هەدەر نەدەن”.
ئاماژەی بەوەش دا کە بەرێوەبەرایەتییەکەیان بە مافی خۆی دەزانێت ڕێكاری كارگێری و یاسایی لە دژی هەر كەسێک بگرێتەبەر كە بیانەوێ بەناوی ئایین و پرۆسەی حەج فێڵ لە هاووڵاتییان بكەن.