زاری کرمانجی-سۆران
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، “وەزارەتی دارایی و ئابووری رێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە رێکخراوەکان.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: هیچ پەیوەندییەکیان بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی نییە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆران و “دوور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە.”
بەپێی وەزارەتەکە بێت، هەموو ئەو رێنوێنی و رێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەی وەزارەتی داراییدا ئاماژەبەوەكراوە، ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە رێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی رێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە، “هیچ زانیارییەكیان لەبارەی رێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و راستگۆ نەبوون.”