مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
دوای گلەیی بەشێك لە هاووڵاتییانی شاری ڕواندز، كە لە كۆی دروستكردنی 28 قوتابخانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەنیا قوتابخانەیەك لە سنووری ئیدارەی قەزای ڕواندز دروست دەكرێت، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕواندز لەمبارەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “تكایە، هیچ كەس و لایەنێك پەروەردە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكار نەهێنێت.”
لە ڕوونكردنەوەكەی پەروەردەی ڕواندز هاتووە “سەبارەت بە دانانی بەردی بناغە بۆ (٢٨) قوتابخانە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەم قوتابخانانە ئەوانەن كە (سەر خۆڵن)، دەگۆردرێن بۆ (كۆنكرێت و بلۆك) و نۆژەن دەكرێنەوە،ئێمە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕواندز، تەنیا یەك قوتابخانەی سەر خۆڵمان هەیە، ئەویش قوتابخانەی (كەڵێتە)ی بنەڕەتی تێكەڵاوە، خۆشبەختانە قوتابخانەی ناو براویش یەكێكە لەو قوتابخانانەی كە نۆژەن دەكرێتەوە، لە چوارچێوەی هەمان پرۆژەی كە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیندراوە.”
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕواندز هەر لە ڕوونكردنەوەكەیدا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ وەزارەتی پەروەردە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران ڕاگەیاندووە كە چەندین قوتابخانەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەییان نۆژەن كردووەتەوە و ناوی قوتابخانەكانیشیان لە ڕوونكردنەوەكەیان نووسیوە .
باس لەوەش دەكات كە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی، ساڵی ڕابردوو چەند قوتابخانەیەكیان نۆژەن كراونەتەوە و ئەمساڵیش قوتابخانەی (بێرۆ) ی بنەڕەتی تێكەڵاو نۆژەن دەكەنەوە .
جەخت لەوەش دەكاتەوە وا بڕیارە لە گەڕەكی (بانەزێوك) قوتابخانەیەكی (٩) پۆلی دروست بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە پارچە زەوی تایبەتیش لەلایان شارەوانیی ڕواندز بۆی دیاریكراوە.
پەروەردەی ڕواندز بە تكاوە لە دوا ڕوونكردنەوەی خۆیدا داوا دەكات “هیچ كەس و لایەنێك پەروەردە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكار نەهێنێت.”