مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پۆلیسی ئەمەریكا دەستگیركردنی پیاوێكی چەكداری لە نێو یاریگایەكی گۆڵف ڕاگەیاند كە ئاراستەی چەكەكەی لەو شوێنە كردووە كە ترەمپ لەوێدا خەریكی یاریكردن و كات بەسەر بردن بووە.
پۆلیسی هەواڵگری فیدراڵی ئەمریكا (FBI) لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت “پێدەچێت ئەمە هەوڵێك بووبێت بۆ تیرۆركردنی ترەمپ.”
ئاژانسی”سی بی ئێس” لە زاری بەرپرسێكی پۆلیسی ئەمریكا بڵاوی كردەوە”بریكارەكانی دەزگای نهێنی تەقەیان لە كەسێك كردووە، كە چەكێكی كڵاشینكۆفی “ئەی كەی 47″ی پێ بووە و ئاراستەی چەكەكەی لە یاریگای گۆڵف كردووە كە لەو كاتەدا ترەمپ خەریكی یاریكردن و كات بەسەربردن بووە لەو شوێنە،”
دەشڵێت “كەسەكە بەر لەوەی ڕابكات لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و دەست بەسەر چەكەكەیدا گیراوە.”
میدیاكانی ئەمەریكا ناسنامەی تۆمەتبارەكەیان ئاشكرا كرد كە ناوی (ڕایان ڕۆت) و تەمەنی 50 ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی كارۆلینای باكوورە و چەندین جار بە هۆی سەرپێچییەكانی بانگهێشتی دادگا و بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكە كراوە .