مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆككۆماری ئێران، لە بارەی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بە زمانی كوردی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “ئامانجی سەردانە سێ ڕۆژەكەمان بۆ وڵاتی دۆست و دراوسێمان، كاركردنی پێكەوەیی لە سەر بنەمای یەكدەنگیی نێوان هەردوولا بوو.”
مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران لە پەیامە كوردییەكەی دا كە له تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە دەڵێ “لە سەردانەكەدا 14 یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاریكاریی لە نێوان عێراق و ئێراندا واژۆ كراوە.”
باس لەوەش دەكات سەردانەكە بەرهەمدار بوو و تەواوی كۆبوونەوەكان لەسەر بنەمای یەكدەنگیی نێوان هەردوولا بووە.
سەرۆككۆماری ئێران هاوپێچ لەگەڵ پەیامەكەی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی تاگ كردووە و دەڵێ “ئامانجی گەورەی ئێوە هاودڵی و یەكبوون و یەككەوتنی ئوممەتی ئیسلامییە.”