مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە خانەنشینانی ئەیلوول لە چوارچێوەی خانەنشینانی پێشمەرگەدایە و مانگی نۆ مووچەكانیان هاوتا دەكرێت.
سادق عوسمان، گوتەبێژی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “بڕیارەكە سەرجەم خانەنشینان دەگرێتەوە و خانەنشینانی ئەیلوولیش لە چوارچێوەی خانەنشینانی پێشمەرگەدایە و هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ خانەنشینانی دامەزراوەكانی تردا،”
دەشڵێت كە تا ئێستا مووچەكانیان هاوتا نەكراوە، هۆكارەكەی بۆ كۆمەڵێك گرفت دەگەڕێتەوە لە دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم نەیتوانی لە كاتی خۆیدا چارەسەرییان بكات .
ئەوەش دەڵێت “ئەگەر لەم مانگەدا گرفتەكەیان بۆ چارەسەر كرا و مووچەكەیان هاوتا كرا، ئەوە پارە زیادكراوەكانی مانگەكانی حەوت و هەشتیان بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام چۆن ڕێك دەخرێتەوە و چۆن دابەش دەكرێت ئەوەیان نازانم، بەپێی توانا دارایییەكە دەبێت كە ئایا بە یەكەوە دەدرێت پێیان یان بە چەند قۆناخێك.”