سومەیە عبدولقادر- سۆران:
شێوازەكانی ژیان ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن لە دیاری كردنی باری تەندروستی بەگشتی و نەخۆشییە نەگوازراوەكان بەتایبەتی وەك نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن و جەڵتەی (دڵ و مێشك)، بەرزە فشاری خوێن، شەكرە و شێرپەنجە.. هتد.
لە پێناو پاراستنی تەندروستی تاك لە باشترین باردا ئەوا پێویستە ڕۆشنبیری و زانیاری زیاد بكرێت لەگەڵ بایەخدان و پەرەپێدان بەخووە سەلامەتەكان بەشێوەیەكی بەردەوام لەژیانی ڕۆژانەدا.
ئەنجامدانی وەرزش بەشێوەیەكی ڕۆژانە كارێكی سودبەخش و پێویستە بۆ تەندروستی تاك، لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ بەلایەنی كەمەوە لەهەفتەیەكدا 5-4 جار و هەرجارەی 30-45 خولەك پێویستی بەجوڵە و وەرزش لەئاستی مامناوەند و توند، تەنانەت وەرزشكردن بۆ ماوەیەكی كورت وەك ڕۆیشتن و سەركەوتن بە قادرمەدا و ڕاپەڕاندنی كاروباری ئاسایی ناوماڵ سودبەخشە بۆ مرۆڤ.
خواردنی سەلامەت یارمەتی پاراستنی تەندروستی تاك دەدات لەگەڵ هێشتنەوەی لەباشترین ئاستدا، بەشێوەیەكی گشتی ئافرەت پێویستە زیاتر سەرچاوەكانی خۆراكی لە سەرچاوەكانی دانەوێڵە و میوە و سەوزەكانەوە بێت و پێویستە كەمتر ئەو خۆراكانە بەكار بهێنێت كەبڕێكی زۆر لە چەوری و خوێ و نیشاستەی تێدا بێت.
پشوو و نووستن بە هۆكارێكی سەرەكی ئەژمارد دەكرێن بۆ پاراستنی تەندروستی تاك چونكە پشوو و نووستن پێویستە بۆ هەموو ئەندامەكانی لەش بەگشتی و باری دەروونی بە تایبەتی چونكە ئەم چالاكیانە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ئەو فشارانەی ڕۆژانە لەئیش و كاری ڕۆژانەدا دووچاری مرۆڤ دەبنەوە، بۆیە پێویستە ڕۆژانە 6 بۆ 7 كاتژمێر
دوكەڵی جگەرەو نێرگەلە زیانی گەورە بەتەندروستی تاك دەگەیەنێت، بەجۆرێك ئەندامێكی لەش نییە نەكەوێتە ژێر كاریگەری دوكەڵی جگەرە و نێر گەلەوە.بیرۆكەیەكی هەڵەیە لەنێو زۆرێك لە هاوڵاتیاندا هەیە كەوادەزانن نێرگەلە كاریگەری لەجگەرە كەمترە بەڵام ئەم بیرۆكە بەتەواوی پێچەوانەی بنەما زانستییەكانەو هەموویان هاوڕان لەسەر ئەو ڕاستییەی كە نێرگەلە چەندین جار زیانەكانی لە جگەرە زیاترە.
هەروەها ژینگەی پڕ لە دوكەڵی نێرگەلە و جگەرە سەڕەڕای دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی ئەوكەسەی كە دەیكێشێت ئەوا مەترسیش لەسەر ژیانی ئەو كەسانە دروست دەكات كە خۆیان نایكێشن بەڵام لەژینگەكەدان كە دوكەڵی نێرگەلە یان جگەرەی تێدایە.