”ئەو پڕۆژانەى دروست دەکرێن، دەبێت دیزاینەکەى لەگەڵ سروشتى ناوچەکە بگونجێت و کوالێتیان بەرز بێت”
بەختیار سەباح-چۆمان:
لە سنوورى قەزاى چۆمان، پێشتر کەم شوێنى گەشتیاریى هەبووە مۆڵەتى کارکردنى هەبێت، بەڵام ئێستە ژمارەیەکى زۆر شوێنى گەشتیاریى بەپێى ڕێنماییەکان مۆڵەتیان دەرهێناوە. بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى چۆمانیش دەڵێت: ”دەبێت هەموو شوێنێکى گەشتیاریى مۆڵەتى هەبێت و بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەین”.
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى چۆمان بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە سنوورى قەزاى چۆمان، پێشتر کەم شوێن هەبوو مۆڵەتى کارکردنى گەشتیاریى هەبێت، ئەمەش وەک ئاسانکارى بۆیان کرابوو، بەڵام ئێستە ژمارەیەکى زۆر بەپێى ڕێنماییەکانى گەشتوگوزار، مۆڵەتى کارکردنى گەشتیارییان دەرهێناوە، ژمارەیەکى دیکە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ دەرهێنانى مۆڵەت و هەندێکیشیان ڕێکارەکانیان تەواو کردووەو چاوەڕێى وەرگرتنەوەى مۆڵەت دەکەن”.
گووتیشى: ” ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین، ئەو خانووە گەشتیاریانەى لەناو باخچەکانیش دروستکراون، دەبێت مۆڵەتى کارکردنى گەشتیاریان دەربێنن”.
ئەوەشى روونکردەوە، شوێنە گەشتیارییەکان پۆلین دەکرێن، بەپێ ئەو پۆلینکردنە گەشتیارییە، باج و رسوماتیان لێ وەردەگیرێت، ئەگەر پڕۆژەیەکى گەشتیاریى چەند ئەستێرەى پێ بدرێت، بەپێى ژمارەى ئەستێرەکان رسوماتى لێ وەردەگیرێت، کەپرە گەشتیارییەکانیش بەپێى ژمارەى کەپرەکان دەبێت”.
بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى چۆمان ئاماژەى بەوەشکرد، هەر پڕۆژەیەکى گەشتیاریى دروست بکرێت، دەبێ بەپێى مەرج و ڕێنماییەکانى نوێى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم جێبەجێ بکرێن و کوالێتى پڕۆژەکە بەرز بێت و دیزاینى لەگەڵ سروشتى ناوچەکە بگونجێت، هەروەها ئەو پڕۆژانەى پێشتریش دروستکراون، دەبێ دیزان و کوالێتى پڕۆژەکەیان بگۆڕن.