مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سێنتكۆم) ڕایگەیاند “لە هێرشێكی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق، 14 سەركردە و چەكداری داعش كوژران.”
هێرشەكە لە 29ـی ئابی مانگی ڕابردوو ئەنجامدراوە، بەڵام (سێنتكۆم) ئەمڕۆ ئەنجامی هێرشەكەی ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە كە هێرشەكە بۆ بە ئامانج گرتنی چەند سەركردەیەكی داعش ئەنجامدراوە و دەڵێ “لەو هێرشەدا چوار سەركردەی داعش بە ناوەكانی ئەحمەد حامید بەرپرسی سەرجەم كردەوەكان لە عێراق، ئەبوو هومام بەرپرسی كردەوەكان لە ڕۆژئاوای عێراق، ئەبوو عەلی توونسی، سەرپەرشتیاریی پەرەپێدانی تەكنیكی، شاكر عەبد ئەحمەد عیساوی، سەرپەرشتیاریی كردەوە سەربازییەكان لە ڕۆژئاوای عێراق كوژران.”
ژەنەراڵ مایكڵ ئەریك كۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەوە قسەی بۆ میدیاكان كرد و ڕاگەیاند “لەو هێرشەدا كە چوار سەركردە و 10 چەكداری داعش كوژران، ئەمە نیشانەی پابەندبوونی هێزەكانی هاوپەیمانی یە لەگەڵ هێزە هاوبەشەكانی، بۆ لە ناوبردنی یەكجاری ڕێكخراوی داعش و سەقامگیری ناوچەكە.”