دهۆک بارزانی
شۆرشی مەزنی ئەیلوول، شۆڕشێکی سەرتاسەریی بوو لەپێناو بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و نادادییەکانی ئەو سەردەمەی ڕژێمی عێراقی، شۆڕشەکە سەرتاسەریی بوو، ھیوا و ئامانجەکانی گەلی کوردستانی تێدا کۆکرایەوە، ڕابەری نەتەوەیی و مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانی سەرقافڵە و سەرۆککاری پرۆسەکە بوو، لە مێژوودا ناوی شۆرشی ئەیلوول لەپاڵ ناوی شۆڕشە گەورەکانی دونیادا دێت.
چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێنا، بەتایبەت رێککەوتننامەی مێژوویی 11 ئادار، کە رژێمی بەعس ناچاربوو دان بە هەندێک لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دابنێت.
دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانی وەك حزبێكی ئاشكرای یاسایی هەڵوەشاندەوە و لە بەڵێنەكانی لەبارەی مافەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا پەشیمان بووەوە، ناچار كورد دەستی بە خەباتی سیاسی نهێنی و خەباتی چەكداری كرد، بڵێسەی ئاگری شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلوول لە 11/9/1961 راگەیەندرا.
خەباتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول سەخت بوو، جیهان دوو جەمسەر بوو، لەلایەن هەردوو وڵاتی زلهێز ئەمەریكا و سۆڤیەت، بەڵام شۆڕشێكی گەورەبوو. زۆری نەخایاند شۆڕش لەخانەقینەوە تا زاخۆ بووە راستیەكی حاشا هەڵنەگر و كورد ھەمووی خرۆشا و ئامادەی قوربانیدان بوو، رۆژ دوای رۆژیش متمانەی خەڵك بە بارزانی و بەشۆڕش بەهێزتر دەبوو.
یەكەمین بەرهەمی ئەم شۆڕشە كە لە مێژوودا دیكۆمێنت كراوە رێكەوتنی 11ی ئاداری 1970 بوو، كە گفتوگۆكانی ساڵی 1991یش لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا لەسەر بنەمای ئەو رێكەوتنەبوو.
پێش هەڵگیرسانی شۆڕش، كورد دەچەوسێنرایەوە و هیچ جۆرە مافێكی نەتەوەیی نەبوو، مافی خوێندن بە زمانی كوردی نەبوو. نەیدەتوانی شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە بكات، عێراق پاشگەزبووەوە لە بڕواهێنان بەو مافانەی لە دوای دامەزراندنی سیستمی كۆماری دانی پێدانابوو، تا دەگاتە ساڵی 19970 و لە 11 ئاداری ئەو ساڵدا، رێكەوتنی نێوان كورد و بەغدای لێكەوتەوە.
گەلەكۆمەكی نێودەوڵەتی و رێكەوتننامەی جەزائیریش لە 6/3/1975، گەورەیی شۆرشی ئەیلوولی دەرخست، بەوەی كە دەستەڵاتدارانی عێراق بە تەنیا نەیاندەتوانی شۆڕش سەركوت بكەن و كۆتایی بە خەباتی كورد بۆ گەیشت بە مافەكانی بێنن.
خەباتی سیاسی و مەدەنی، ڕەتکردنەوەی زوڵم و نادادی ،سەرکردایەتی شۆڕشی چەکداریی و شارەزایی لە زانستەکانی سیاسیی و سەربازیی و بەرگری گرنگترین ئەو پایانە بوون کە شۆرشی ئەیلولی مەزن بە ڕابەرایەتی «بارزانی نەمر» دەستیپێکرا، ئەو ناو و شۆڕشە و دەرەنجامەکانی ھۆکارن بۆ ئەوەی شۆڕشەکەی بارزانیش ھیچی لە شۆڕشەکانی “سەڵاحەدینی ئەیوبی و گیڤارا و کاسترۆ و عومەر موختار و ماوتسی تۆنگ” کەمتر نەبێت لەپاڵ ئەو شۆرشانەدا و بە گەورەترین شۆرشی مێژوویی گەلی کوردستان ھەژمار بکرێت.
ئێستاش سەرۆك بارزانی درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە كە باوكی، مەلا مستەفا، خەباتی بۆ كرد، هەموو تواناکانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەودان بە دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو رۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی.